دوای 19 ساڵ كە یەكەمین ئاهەنگی لە میسر بەڕێوە برد، بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو شاكیرای كۆڵۆمبی كە ئەستێرەیەكی ناوداری دنیایە، گەورەترین ئاهەنگی لە ئەهرامەكانی میسر بەڕێوە دەبات.
پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ چوارشەم 30ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، پێشتر لە ساڵی 2007دا لە گەشتە هونەرییەكەی، شاكیرای ئەستێرەی دنیای پۆپی كۆڵۆمبی، لە میسر ئاهەنگی ساز كرد، ئێستەیش و لە دوای 19 ساڵ، بڕیارە لە تشرینی دووەمدا ئەو هونەرمەندە گەورەترین ئاهەنگی لە ئەهرامەكانی میسر بەڕێوە ببات كە بەناوی Shakira Live at the Pyramids of Giza گۆرانییەكانی پێشكەشی جەماوەری میسر دەكات.
میدیاكان باس لەوە دەكەن، ئەو ئاهەنگەی كە بڕیارە ئەو خاتوونە هونەرمەندە لە ئەهرامەكانی میسر سازی بكات، پێشتر بڕیار بوو لە مانگی ئابی رابردوو لە هەمان شوێن ساز بكرایە، بەڵام بەهۆی تێكچوونی دۆخی تەناهیی ناوچەكە، ئاهەنگەكە بۆ تشرینی دووەم دوا خرا، پێشتریش كە پلیتی ئاهەنگەكە سەرجەمیان فرۆشرابوون، بڕیار درا جەماوەر بە هەمان پلیت سەردانی ئاهەنگەكە بكەن.
بڕیارە شاكیرا لەم ئاهەنگەدا ژمارەیەك لە گۆرانییە كۆن و نوێكانی پێشكەش بكات، بەتایبەتی بەشێك لە گۆرانییەكانی دوا ئەلبوومی.
شاكیرا ئیزابیل میپاراك ریبۆڵ كە لە ساڵی 1977 لە شاری برانكوێڵای كۆڵۆمبیا لە دایك بووە، گۆرانیبێژە و بە رەگەزیش ئیسپانی- ئیتاڵی- لبنانییە. لە بواری هونەریدا بە "شاژنی موزیكی لاتینی" ناو دەبرێت كە یەك لە ئەستێرە زۆر ناودارەكانی دنیایە. بۆ یەكەمین جار لە رێگەی كۆمپانیای سۆنی بۆ موزیك دەستی پێ كرد كە ئەوكات تەمەنی 13 ساڵ بوو.