راستیی رووداوی تەقەكردن لە ماڵێكی هەولێر.. دەگوترێ‌ عومەر فەقێ‌ بووە

:: PM:04:12:30/09/2026 ‌
شەوی ڕابردوو تەقە لە ماڵێكی هەولێر كراوە و خاوەنی ماڵەكەیش دەڵێ‌، ئەو كەسەی تەقەكەرەكەی راسپاردووە عومەر فەقێ‌ بووە كە پێشتر ناكۆكی لەگەڵی هەبووە. 

ناكۆكییەكە چی بوو؟
مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ تەقە لە نووسینگەیەكی كڕین و فرۆشتنی خانوو كرا لە هەولێر كە خاوەنداریەتییەكەی بۆ عومەر فەقێ‌ دەگەڕێتەوە، ئێستەیش عومەر فەقێ‌ لە تۆڵەی ئەوەدا تەقەی لە ماڵی ئەو كەسە كردووە. 

زانیاریی نوێ‌
بەگوێرەی بە دواداچوونەكانی "وشە"، ئەو ماڵەی تەقەی لێ‌ كراوە، لەلایەن دوو كەس بووە كە ماتۆڕسوار بوون و كاری دیلیڤەرییان كردووە.

خاوەنی ئەو ماڵە بە "وشە"ی راگەیاند، پێشتر عومەر فەقێ‌ هەڕەشەی لێ كردووە چونكە ناكۆكی لە نێوانیان هەبووە، بۆیە گومان دەكات ئەو ماتۆڕسوارە ئەو بێت. 

كەس لە رووداوی تەقەكردنەكە نەبووەتە قوربانی، جیا لەوەی زیانی مادی هەیە، بەڵام ئێستە خاوەنی ئەو ماڵە سكاڵایان لەسەر عومەر فەقێ‌ هەیە و دەڵێن، ئەوە تەقەی كردووە. 

"وشە" پێوەندیی بە عومەر فەقێ‌ كرد، ئەویش رەتی كردەوە كە ئەو تەقەی لە هیچ ماڵێك كردبێت، بەڵام دەڵێ‌، زانیاریم هەبووە تەقە لەو ماڵە كراوە.



وشە - وشه‌