لە دوای رێككەوتنێكی دوو ساڵە لە نێوان بەغدا و واشنتن، ئەمڕۆ دوایین هێز و سەربازەكانی ئەمەركیا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق كشانەوە، ئێستە پاراستنی ئاسایش و ئارامی عێراق لە ئەستۆی هێزە تەناهی و سەربازییەكانی عێراقە، پرسیار و مەترسیەیكی زۆر لەبارەی دواڕۆژی دۆخی تەناهی هەیە، نەك تەنیا پێوەست بە ئەگەری سوودبینینی شانەكانی داعش لە بۆشاییە تەناهییەكان، هەروەها زیادبوونی دەسەڵاتی میلیشیاكانی سەر بە ئێران.
بەپێی راپۆرتێكی
"بی بی سی"، گرنگتر لە ئەگەری دەركەوتنەوەی شانەكانی داعش، مەترسییەكان بە هۆكاری زیادبوونی دەسەڵاتی میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێرانە لە عێراق، كە رۆڵی ئەوان لە دوای هێرشەكانی 7ی تشرینی یەكەم لە دەرەوەی عێراق لە چوارچێوەی بەرەی موقاوەمە بە درۆن و مووشەك بۆ سەر ئیسرائیل و بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچكە دەستی پێ كرد، تەنانەت بازنەی هێرشەكانیان بۆ ژێرخانی نەوتی هەندێك لە وڵاتانی كەنداو فرەوانتر بوو.
تا تەواوبوونی وادەی كۆتایی كشانەوەكە، تەنیا چەند یەكەیەكی سوپای ئەمەركیا لە عێراق مابوونەوە، كە ئەمەریكا ژمارەی ئەوانی ئاشكرا نەكرد، ئەركی ئەوان پێشكەشكردنی راوێژ و مەشق و پاڵپشتیی هەواڵگری و لۆجیستی بۆ هێزە عێراقییەكان بووە، بۆیە لە دوای نەمانی توانا هەواڵگری و ئاسمانییەكان لە دوای كشانەوەی ئەو هێزانە، مەترسییەكان زیاتر دەبن، رەنگە توانای بەغدا بۆ راوەدوونانی شانەكانی رێكخراوی داعش لە ناوچە دوورەدەست و چۆڵەوانییەكان سنووردار بێت، لەوكاتەی چاوەكان زیاتر روو لە ئاڵنگارییەكانی پێوەست بە گرووپە چەكدارەكان و ئەگەری رووچوونی عێراق بۆ ناو لێكەوتەكانی ململانێی ئەمەركیا و ئێران دەكەن.
راپۆرتەكە باسی بوونی چەندان دیمەنی بڵاوكراوە لە میدیاكان لە حوزەیرانی 2014 دەكات، كە هەزاران ئەندامی هێزە تەناهییەكانی عێراق چەكە قورسەكانیان جێ هێشت و ناسنامەی سەربازیان فرێ دا و جلوبەرگی خۆیان گۆڕی و هەوڵیان دا بە ئاراستەی هەرێمی كوردستان هەڵبێن، ئەوكات تەنیا دوو ساڵ و نیو بەسەر كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق لە كانوونی یەكەمی 2011 تێپەڕ بووبوو، چەندان فرقەی سەربازی و تەناهیی عێراق رووخان و رێكخراوی داعش كۆنترۆڵی سێیەكی رووبەری عێراقی كرد، ئەبو بەكر بەغدادی سەركردەی رێكخراوەكە لە شاری مووسڵەوە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی راگەیاند.
دوای ئەو رووداوە مەترسیدارانەن عێراق بە پەلە داوای یارمەتی كرد، جارێكی تر سوپای ئەمەریكا هاتنەوە ناو عێراق بۆ سەركردایەتیكردنی هاوپەیمانیەتییەكی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش، كە لە كۆتایی 2014 بە بەشداری 70 دەوڵەت دروست بوو و دوای چوار ساڵ سەركەوتنی بەسەر داعش بەدەست هێنا و حكوومەتی عێراق كۆنترۆڵی تەواوی وڵاتەكەی كردەوە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نەبوو كە داعش بە تەواوەتی لەناو چووە، كە هێشتا شانەكانی لە چەند ناوچەیەكی دوورەدەست چالاكن.
بەر لە كشانەوەكەی سوپای ئەمەریكا لە 2011 لە سەردەمی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووتری ئەو وڵاتە، هێرشی رێكخراوە تیرۆریستییەكان بۆ نزمترین ئاست لەوەتەی 2017 ەوە گەمی كردبوو، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو هەڵمەتە تەناهییە تۆكمەیەی ئەمەریكا بە هاوكاریی هێزە عێراقییەكان و هۆزە سوننەكان، سەحوات، سەركردایەتی كرد، كە بووە هۆی كوشتنی ژمارەیەك سەركردەی دیاری ئەو رێكخراوانە.
ئەوكات میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران، هیچ رۆڵێكیان لەو هەڵمەتە تەناهییەدا نەبوو، بەڵام پرۆسەكە یەكێك لە مەترسیدارترین ئاڵنگارییەكانی عێراقی لەوەتەی رووخانی رژێمی پێشووی لە نیسانی 2003 كۆتایی پێ هێنا، كاتێك رێكخراوەكە شەڕێكی سەختی لە دژی شیعە لە دوای بەكافركردنیان دەست پێ كرد و عێراقی خستە ناو شەڕێكی تایفی بووە هۆی كوژرانی دەیان هەزار كەس.
سیاسەتوانانی سوننە پێیان وایە گرەنتییەكی راستەقینە بۆ دوای كشانەوەی ئەمەریكا لە عێراق نییە، كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا هیچ گەرەنتییەكی راستەقینە بۆ نەگەڕانەوەی داعش یان هەر رێكخراوێكی تری توندڕۆ فەراهەم ناكات، رەنگە ئەگەر كۆمەڵگەی سوننە داعش رەت بكەنەوە، توانای بڵاوبوونەوەی رێكخراوەكە سنووردار دەبێت، ئەگەرچی بە تەولاوەتی رێگری لە شانەكانی ناكرێت هێرش ئەنجام بدەن.
ئەوان پێیان وایە ئەگەر هەندێك لە میلیشیاكان بگەڕێنەوە سەر تۆمەتباركردنی كۆمەڵگەی سوننە و گوشار خستنە سەریان، ئەوكات رەنگە عێراق بگەڕێتەوە ناو پشێوی، بۆیە بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە بەرژەوەندیی عێراق بوو و دژی سەروەری وڵاتەكە نەبووە.