لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرا کراوە کە ژیریی دەسكرد بەربەستێکی سەخت لەبەردەم کارمەندان و بەتایبەتی بازاڕکارە سەرەتاییەکان دروست دەکات، بە جۆرێک پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2030 زۆربەی کۆمپانیاکان پلە سەرەتاییەکان لە پێکهاتەی کارگێڕیی خۆیاندا نەهێڵن، ئەمەش بەهۆی پشتبەستنی زیاتر بە ئامێرەکان و سیستمی ئۆتۆماتیکی.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "مارکێتینگ ویک"، لەبەر ئەوەی سیستمی ئۆتۆماتیکی کاریگەریی لەسەر ئەو ئەرکانە هەیە کە کارمەندە سەرەتاییەکان ئەنجامی دەدەن، لێکۆڵینەوەیەکی نوێی دامەزراوەی "گارتنەر" پێشبینی دەکات ژیریی دەسكرد ڕێگە بە زۆربەی تیمە ئاستبەرزەکانی بازاڕکردن بدات تا ساڵی 2030، پلە خوارووە تەقلیدییەکان لە پێکهاتەی کۆمپانیاکاندا هەڵبوەشێننەوە.
لە ڕاپرسییەکدا کە 1300 بەرپرس بەشدارییان تێدا کردووە، دەرکەوتووە کە ڕێژەی 18%ی سەرکردەکانی بوارەکە پێشوەختە ڕۆڵە سەرەتاییەکانی بازاڕکردنیان بەهۆی سیستمی ئۆتۆماتیکییەوە هەڵوەشاندووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ژیریی دەسكرد دەرگای نوێ دەکاتەوە، بە جۆرێک 16%ی بەشداربووان ئاماژەیان بە دروستکردنی ڕۆڵی نوێ داوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆجیایەدا بگونجێن.
لە سایەی گۆڕانی پێشبینییەکان لە کارمەندان و تەنیا تەرکیزنەکردنە سەر نیشاندانی توانای جێبەجێکردن، داوا لە بەرپرسە باڵاکانی بازاڕکردن دەکرێت لە کاتی دامەزراندندا هەڵسەنگاندن بۆ توانای بیرکردنەوەی ستراتیجی و ڕەخنەگرانەی بازاڕکارە سەرەتاییەکان بکەن. هەردوو توێژەر کریستینا لارۆکا-سیرۆن و لاکریتیا مارش دووپاتی دەکەنەوە کە "بنەماکە لە هەڵسەنگاندنی چۆنیەتیی بیرکردنەوەیاندایە، نەک ئەوەی چی دەزانن".
سەبارەت بە چۆنیەتیی پەرەپێدانی توانای بازاڕکارە سەرەتاییەکان، لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هەرچەندە پێشتر تواناکانی وەک پێوەندی، تێگەیشتن، بەڕێوەبردنی کێشەکان و دروستکردنی پێوەندییەکان بە تێپەڕبوونی کات و بەهۆی بەرکەوتن لەگەڵ سەرکردە باڵاکانەوە گەشەیان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ پێویستە بازاڕکاران ئەو توانایانە لە قۆناغێکی زوودا بنیات بنێن بۆ ئەوەی پێشکەوتن و سەرکەوتن مسۆگەر بکەن.
ڕاپۆرتەکە ڕوونی دەکاتەوە کە تێکەڵکردنی ژیریی دەسكرد بە تیمەکانی بازاڕکردن بووەتە جێی نیگەرانیی سەرکردەکان. لە ڕاپرسیی "ڕێڕەوی پیشەیی و مووچە بۆ ساڵی 2026" کە لە لایەن گۆڤاری "مارکێتینگ ویک"ـەوە کراوە و 2350 کەس بەشدارییان تێدا کردووە، دوو لەسەر سێی بەشداربووان (66.5%) ئاماژەیان بە هەبوونی بۆشایی لە تواناکانی ژیریی دەسكرد لەناو تیمەکانیاندا لە ماوەی 12 مانگی ڕابردوودا داوە.
هەبوونی کۆمەڵەیەکی کارای تواناکانی ژیریی دەسكرد، نیگەرانییەکی گەورەترە لای بازاڕکاران بەراورد بە نیگەرانییەکانی پێوەست بە تواناكانی داتا و شیکاری کە 44.2% پێک دەهێنێت، یان تێگەیشتن لە تەکنەلۆجیای بازاڕکردن کە 31.1%ـە.
داتاکان ئەوە دەردەخەن کە نیگەرانییەکان سەبارەت بە بۆشایی تواناکانی ژیریی دەسكرد لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی کارگێڕیدا زیاد دەکەن، بە شێوەیەک 73.5%ی بەرپرسە باڵاکانی بازاڕکردن و بەڕێوەبەران نیگەرانن لە کەمیی توانای تیمەکانیان لەو بوارەدا، ئەو ڕێژەیەش لەناو بەڕێوەبەرە باڵاکاندا بۆ 68.5% و لەناو بەڕێوەبەرانی ئاستی خواروودا بۆ 58.8% کەم دەبێتەوە.