مەسروور بارزانی ڕەزامەندیی بۆ پێنج پڕۆژەی گەورە و ستراتیجیی ئاو دا

:: AM:11:14:01/10/2026 ‌
لە چوارچێوەی هەوڵ و گرنگیدانی بەردەوامی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران، ڕەزامەندیی فەرمی بۆ پێنج پڕۆژەی ستراتیجیی ئاو لە هەرێمی كوردستان وەرگیرا، هاوكات سەرجەم ئامادەكارییە ئەندازیاری و كارگێڕییەكانیش بۆ جێبەجێكردنیان كۆتاییان پێ هات.

ئەمڕۆ پێنجشەم یەكی تشرینی یەكەم، ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران، ڕەزامەندیی فەرمی بۆ پێنج پڕۆژەی ستراتیجیی ئاو لە هەرێمی كوردستان دا.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو زیاتر گوتی، ئەم پاكێجە خزمەتگوزارییە ستراتیجییە، پڕۆژەكانی دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ دانیشتووانی شار و ناوچەكانی سۆران، خەبات، كەلار و كۆیە لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ پڕۆژەیەكی تایبەت بە فراوانكردنی تۆڕی ئاوی قەندیل- پیرمام- شەقڵاوە كە بە سەركەوتوویی جێبەجێكردنیان، دۆخی ئاو لە تەواوی ئەو دەڤەرانەدا بە تەواوی سەقامگیر دەكات.

ئاماژەی بەوەش كرد، كابینەی نۆ ڕێگەی نەدا ئاستەنگە داراییە هەنووكەییەكان ببنە ڕێگر لە بەردەم نەخشەڕێگەی داهاتوو، بۆیە سەرجەم دیزاین و لێكۆڵینەوە پێویستەكانی ئەم پڕۆژانەی لە 100% تەواو كردووە، تا لەگەڵ فەراهەمبوونی شایستە داراییەكان لەلایەن حكوومەتەوە، دەستبەجێ بە كردار بچنە بواری جێبەجێكردنەوە.

ناوچەكانی سۆران، خەبات، كەلار، كۆیە و سنووری گەشتیاریی پیرمام و شەقڵاوە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا، كەمبارانی و فراوانبوونی خێرای دانیشتووان، بەردەوام لە وەرزی هاویندا ڕووبەڕووی گوشاری كەمئاوی دەبوونەوە، ئەمەش وایكردبوو دابینكردنی سەرچاوەی نوێی ئاو ببێتە لە پێشینەی بەرنامەی كاری حكوومەت.

پێڕەوكردنی ئەم شێوازە لە كارگێڕی كە لەسەر بنەمای پلاندانانی پێشوەختە و ئامادەكردنی تەواوی پڕۆژەكان كار دەكات، سەلمێنەری پابەندبوونی پتەوی كابینەی نۆی بە مسۆگەركردنی ئاسایشی ئاو بۆ تەواوی كوردستان، بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژانە لە قۆناغی داهاتوودا، ژێرخانێكی بەهێزی ئاو بۆ چەندان دەیە فەراهەم دەبێت، خزمەتێكی گەورە پێشكەش بە سەتان هەزار هاووڵاتیی ئەو ناوچانە دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد