سەیروسەمەرە.. زانایان كیسەڵێكی دووسەریان دۆزیوەتەوە

:: PM:02:35:01/10/2026 ‌
زانایان و پسپۆرانی بواری ژیانی وشكایی لە ویلایەتی ماساچۆستسی ئەمەریكا، بێچووە كیسەڵێكیان دۆزیوەتەوە كە دوو سەری هەیە، راستەوخۆ گواستوویانەتەوە بۆ سەنتەری "كیب كۆد" و دەڵێن، حاڵەت و تەندروستیی زۆر ئاساییە. بەڵام توێژینەوەی زیاتری لەسەر دەكەن.

پێگەی "عەرەبیە" لە میدیاكانی ئەو ویلایەتەی ئەمەریكا وەرگرتووە و ئاماژەی داوە، بەپێی گوتەی زانایان و پسپۆرانی بواری ژیانی وشكایی، ئەو كیسەڵە دووسەرەی دۆزراوەتەوە، كێشی پێنج گرام و دوو ملیگرامە، لە مانگی ئەیلوول لە شوێنێكی ناوچەكە كە زیاتر كیسەڵ لەوێدا دەژین، دواتر لە 17ی هەمان مانگ بۆ سەنتەری "كیب كۆد" بۆ ژیانی وشكایی لە پارنستابل گوازراوەتەوە تا لەوێدا بكەوێتە چاودێریی پزیشكانی ڤیتێرنەری.

دووپات دەكەنەوە كە وێڕای ئەوەی كیسەڵەكە زۆر بچووكە، بەڵام حاڵەتی زۆرباش و جێگیرە، زۆر بەئاسایی مەلە دەكات و خۆراك دەخوات، ئەوەی هەیە هەردوو سەرەكەی لە هەڵسوكەوتكردندا لە یەكتر جیاوازن، بۆ نموونە هەست دەكرێ سەری لای چەپی بەهێزترە و ئەگەری زۆرە دوای ماوەیەك بتوانی گاز لەهەر شتێك بگرێ و برینداری بكات.

پسپۆرانی بوارەكە باس لەوە دەكەن چونكە كیسەڵەكە زۆر بچووكە، ئێستە زۆر ئەستەمە بتوانن رەگەزی بدۆزنەوە ئایا نێرە یان مێ.

دواتریش پسپۆران دەڵێن، بۆ ئەوەی كیسەڵەكان لە سەنتەری ژیانی وشكایی زیاتر و بەباشی گەشە بكەن، لەڕووی خۆراكەوە وردە ماسی و پارچەكراو و كرم و رۆبیان و ڤیتامینیان پێ دەدرێت، ئەو جۆرە خۆراكانە بۆ گەشەكردنیان زۆرباشن، ئەوی تر دەمێنێتەوە چارەنووسیان بەندە بەوەی ئەو كیسەڵانە تا چەند بۆ مانەوەیان پشت بەخۆیان دەبەستن.
 



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د