بۆ یەكەمجار وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان روونكردنەوەی لەبارەی هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی دا و دەڵێ، لە رێگەی ئیرهاب و هەڕەشەكردن بە كۆماندۆ و دژەتیرۆر و ئاسایشەوە، لە 29ـی ئەیلوولی 2026 ئیعاز درا بە فەرمانگەكانی وەزارەت لە سنووری سلێمانی كە هەر فەرمانبەرێك پابەند بێت بە فەرمان و بڕیارەكانی وەزیری دارایی و ئابووری، سزا دەدرێت.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری رای گەیاند، "بە هیچ جۆرێك وەك وەزیری دارایی و ئابووری هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەم پێوەندیی نییە بە داكۆكیكردنی ناڕەوا لە بەڕێوەبەری خانووبەرەی میریی سلێمانی، بەڵكو ئێمە خۆمان لیژنەی لێكۆڵینەوەمان بە چاودێری و سەرپەرشتیی داواكاری گشتی پێكهێناوە بە ئاگاداریی نووسینگەی جێگری سەرۆكی حكوومەت."
"ئێستە ئامادەین لە دادگەییكردنێكی ئاشكرا لە بەردەركی سەرا، یاخود لە هەر دادگەیەكی بێلایەن ئەنجام بدرێت، تەواوی دۆسییەكانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە وەزارەت پارێزراون بۆ هەر لایەنێك كە بیەوێت راستییەكان بزانێت" وەزیری دارایی و ئابووری وا دەڵێ.
ئەو دەڵێ، دەستلەكاركێشانەوەم دەگەڕێتەوە بۆ دەستوەردانی نەرێنی ئیدارەی سلێمانی لە كاروباری فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەت، تاوەكو گەیشتە ئەو رادەیەی لە رێگەی ئیرهاب و هەڕەشەكردن بە كۆماندۆ و دژەتیرۆر و ئاسایشەوە، لە 29ـی ئەیلوولی 2026 ئیعاز درا بە فەرمانگەكانی وەزارەت لە سنووری سلێمانی كە هەر فەرمانبەرێك پابەند بێت بە فەرمان و بڕیارەكانی وەزیری دارایی و ئابووری، سزا دەدرێت.
وەزیری دارایی تیشك دەخاتە سەر ئەو پێنج دۆسیەیەی كە بەڕێوەبەری خانووبەرەی میریی سلێمانی لە سەر گیراوە و دەڵێت: "دوانیان هی ساڵانی 2009 و 2010ـیە و بەر لە دەستبەكاربوونیەتی، سێیەمیان لە سەر بڕی كرێی هاوتای زەوییەكی 600 مەتر دووجایە، چوارەم لە سەر مامەڵەی هاووڵاتییەكە كە جێگری بەڕێوەبەر پشتگیریی پێ داوە بۆ پۆلیس، پێنجەمیان تایبەتە بە كەیسێكی نێوان ئەو بەڕێوەبەرایەتییە و شارەوانیی سلێمانی كە هەردوو لایەن حكومین و لە ساڵی 2025 دا دادگە دۆسییەكەی داخستووە."
ئاوات شێخ جەناب دووپاتی دەكاتەوە كە خۆی نە لە ئێستا و نە لە رابردوو دا هەرگیز بەرگریی لە خراپە و خراپەكاران نەكردووە و زۆرترین لێپرسینەوەی یاسایی لە ساڵانی رابردوو دا لە وەزارەتەكەی ئەنجام دراون، هاوكات دەڵێت: "ئێمە بێباكین لە هەموو لێكۆڵینەوەیەك و دادگەییكردنێكی دادپەروەر و یاسایی."