مانگی رابردوو لە گوندێكی شارەدێی گوێڕ، منداڵێك كەوتە ناو بیرێك و دوای چەند سەعاتێك لە هەوڵی بەردەوام دەرهێنرا، ئەمڕۆ پێنجشەم منداڵێكی تر لە گوندی مەناعیە سەر بە شاردەێی رەبیعە لە رۆژئاوای مووسڵ كەوتە ناو بیرێكی ئاو و تیمەكانی بەرگری شارستانی خەریكی رزگاركردنین.
سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری شارستانی لە پارێزگای نەینەوا ئاماژەی كرد، تیمەكانی بەرگری شارستانی گەیشتنە ناوچەكە و دەستیان بە پرۆسەی رزگاركردنی منداڵەكە كردووە، بۆ گەیشتن پێی و دەرهێنانی لە قوولایی بیرەكە كە 100 مەتر قووڵە و پڕ لە ئاو.
سەرچاوەكەی پێشبینی كرد كە منداڵەكە گیان لەدەست بدات و گوتی، بەپێی زانیارییەكان و زەحمەتیی گەیشتن بەو منداڵە، ئەگەری هەیە گیان لەدەست بدات، لەو كاتەی تیمەكانی رزگاركردن هەموو هەوڵێك دەدەن لە زووترین كاتدا دەری بێنن.