بڕیارە یەکشەم چواری تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی وەرگرتنی دەرچووانی 12ی ئامادەیی لە زانکۆکان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2026 - 2027 ڕابگەیەنێت و پرۆسەی خوێندنی قۆناغی یەکەم لە زانکۆکان دەست پێ بکات.
لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕای گەیاندووە، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان ڕاستەوخۆ دەست دەکرێت بە پرۆسەی خوێندنی قۆناغی یەکەم لە زانکۆکان، بۆیە پێویستە لەسەر ئەو قوتابییانەی وەرگیراون، لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانەوە ڕاستەوخۆ پێوەندی بە زانکۆکانیانەوە بکەن.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، بۆ مەبەستی دەستپێکردنی دەوامی فەرمی، زانکۆکانی هەرێمی کوردستان تەواوی ئامادەکارییە پێویستەکانیان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە وەرگیراوانی نوێ بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2026 - 2027.