نێچیرڤان بارزانی: دەبێت بڕیاری شەڕ و ئاشتی تەنیا لە دەستی دەسەڵاتی شەرعیی دەوڵەتدا بێت

:: PM:11:07:01/10/2026 ‌
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم یەکی تشرینی یەکەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا بەشداریی لە ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق کرد و لە وتارێکدا دووپاتی کردەوە کە سەروەریی ڕاستەقینە تەنیا کشانەوەی هێزی بیانی نییە، بەڵکوو دەبێت چەکی دەرەوەی یاسا نەمێنێت و بڕیاری شەڕ و ئاشتیش تەنیا بەدەست دەوڵەتەوە بێت. هاوکات داوای چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ناو ماڵی عێراقی، بەتایبەتی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدای بەپێی دەستوور کرد و دووپاتی لە پتەوکردنی هاوئاهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوە.

دەقی وتارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک خۆی:

بەڕێز جەنابی عەلی فالح ئەلزەیدی
سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان،
بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
ئامادەبووان و میوانانی بەڕێز،
سڵاوی خواتان لێ بێت..
خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم بۆنە نیشتمانییەدا لە بەغدا لەگەڵتانم، لە ساتەوەختێکی ڕاگوزەر و وەرچەرخاندا بۆ وڵاتەکەمان کە هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق.

بۆ چەندان دەیە، عێراق بە قۆناغی زۆر سەخت و دژواردا تێپەڕی. کاتێکیش تیرۆریستانی داعش هێرشیان هێنایە سەر وڵاته‌كه‌مان، هەموو عێراقییەکان پێکەوە لە یەک سەنگەردا لە دژی تیرۆر وەستانەوە.

سوپای عێراق، پێشمەرگە، حه‌شدى شه‌عبى له‌گه‌ڵ تەواوی هێزە چەکدار و ئەمنییەکان، بە خوێن و قوربانیدانی هاوبەش بەرگرییان لەم نیشتمانە کرد. لێره‌دا، به‌وپه‌ڕى‌ ڕێزه‌وه‌ له‌ قوربانيدانى هه‌موويان ده‌ڕوانين. دروود و سڵاو بۆ گيانى پاكى ته‌واوى شه‌هيدان ده‌نێرين.

لەو قۆناغە سەختەدا، لەسەر داوای حكوومەتی عێراق، ئەمەریکا له‌گه‌ڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و دۆستانمان، لەپاڵ ئێمه‌دا وەستان و هاوکارییان کردین. ئێمە، هه‌موو عێراقييه‌كان ئەوەمان لەبیرە و پێزانینمان بۆ پاڵپشتییان هەیە.

ئه‌مڕۆش كه‌ به‌پێى ڕێككه‌وتنيان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵ؛ خاكى عێراق جێده‌هێڵن، ئێمه‌ هه‌رگيز ئه‌و هاوكارى و پشتيوانييه‌ له‌بير ناكه‌ين و بۆ هه‌ميشه‌ به ‌ڕێزه‌وه‌ لێى ده‌ڕوانين، بەڵام پێزانینی ڕاستەقینە دەبێت بەرەو هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتیی نيشتمانى له‌ عێراق گەشە بکات.

پێوەری سەرکەوتنی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی ئەوە نییە تا هەتایە هێزى‌ بيانى لێره‌ بمێنێتەوە، بەڵکوو ئەوەیە کە ئێمەی عێراقی؛ ئەمڕۆ بەتەواوی؛ توانامان هەبێت بەرپرسیاریەتیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەمان لەئەستۆ بگرین.

به‌ كۆتاييهاتنى ئه‌ركى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ عێراق، ئەمڕۆ دەچینە قۆناغێکی نوێوە، قۆناغی بڕوابەخۆبوون و پشتبەستن بە توانا نیشتمانییەکانمان. چاومان لەوەیە پێوەندیمان لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمان، لە پێداویستییەکانی شەڕی دژی تیرۆرەوە، بگوازرێتەوە بۆ هاوبەشییەکی درێژخایەنی هاوسەنگ لە بوارەکانی ئه‌منى، ئابووری، وەبەرهێنان، وزە، پەروەردە، تەکنەلۆژیا و دیپلۆماسیدا.

هاوبەشییەک لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەت، بە جۆرێک کە لە خزمەت هەموو عێراق و ته‌واوى پێكهاته‌كانى و ئارامى و سەقامگیریی ناوچەکەدا بێت.

ئامادەبووانی بەڕێز،
كاتێك ئەمڕۆ باس لە سەروەری دەکەین، دەبێ بە ڕوونی پێناسەی بکەین:

سەروەری، تەنیا کشانەوەی هێزى سەربازيی بیانی نییە، بەڵکوو بەرپرسیاریەتییەکی نیشتمانییە.

سەروەری واتە دەوڵەت خاوەنی بڕیاری کۆتایی بێت. واتە ده‌ستوور و فيدراڵى جێبه‌جێ بكرێت و دامەزراوە دەستوورییەکان مەرجەعی هەمووان بن.
واتە بڕیاری شەڕ و ئاشتی تەنیا لە دەستی دەسەڵاتی شەرعیى ده‌وڵه‌تدا بێت.

هێزی عێراق له‌ چه‌كى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت و له‌ ئاڵۆزى و ناسه‌قامگيريدا نييه‌. هێزى عێراق له‌وه‌دايه‌ به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات. لەوەدایە کە لۆژیکی دەوڵەت و دەستوور زاڵ بێت و هاوسه‌نگى و مافى هه‌موو پێكهاته‌كانى بپارێزێت.

بۆيه‌ ئيتر کاتی ئەوە هاتووە تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ناو ماڵی عێراقی، لە پێوەندییەکانی هەولێر و بەغداوه‌ تا پرسی چەک و مافی سەرجەم پێکهاتەکان، لەسەر بنەمای دەستوور و بە ئیرادەیەکی نیشتمانیی عێراقییانە چارەسەر بکەین، نەک ڕێگە بدەین ببنە قەیرانی بەردەوام بۆ نەوەکانی داهاتوو.

ئێمە خوازیاری عێراقێکی ده‌ستووريى فیدراڵی، سەقامگیر و خاوەن سەروەریی تەواوین. وڵاتێک کە بێ جياوازى پارێزەری ژيان و ئاسایشی هەموو پێكهاته‌كان و هاووڵاتییانی بێت. له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش، پێوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ دراوسێ و دۆستانیدا هەبێت و نەبێتە گۆڕەپانی ململانێ، بەڵکوو ببێتە چەقی ئاشتی، گفتوگۆ و سەقامگیری بۆ تەواوی ناوچەکە.

ئەو عێراقە بەرپرسیاریەتیی هاوبەشی هەموومانە. ئێمەش لە هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوان دەبین بۆ هەر هەنگاوێک کە سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بەهێز بکات. لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی و تەواوی هێز و پێکهاتەکانی عێراقدا، بە دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستوور کار دەکەین؛ هاوکات دووپات لەسەر پتەوکردنی هاوئاهەنگی و هاوکاریی نێوان پێشمەرگە، سوپا و تەواوی هێزە چەکدار و ئەمنییەکان دەکەینەوە.

با ئەم وەرچەرخانە بکەینە دەستپێکی متمانەیەکی پتەوتر لەنێوانماندا؛ دەستپێکی قۆناغێک کە تيایدا عێراق بە یەکڕیزی، سەروەریی یاسا و هاوبەشیی دەستووریی هەموو پێکهاتەکانی، به‌رز و پارێزراو بێت.
زۆر سوپاستان ده‌كه‌م، هيواى ئێواره‌يه‌كى خۆشتان بۆ ده‌خوازم.


وشە - پۆڵا مەحموود