ئەمڕۆ هەینی دووی تشرینی یەکەمی 2026، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینی بەخۆیەوە بینی و بەرەو تۆمارکردنی زیان بۆ دووەم هەفتە لەسەریەک دەڕوات، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و قازانجی قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمەریکاوە دێت، لە کاتێکدا وەبەرهێنەران چاوەڕێی ڕاپۆرتی هەلی کار لە ئەمەریکا دەکەن بۆ زانینی ئاراستەی سیاسەتی نەختینەیی بانکی یەدەگی فیدراڵی.
لە مامەڵە خێراکاندا نرخی زێڕ بە ڕێژەی سفری پۆینت چوار لە سەد دابەزی و گەیشتە 4161.58 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، بەمەش لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە بە ڕێژەی سێ لە سەد بەهاکەی لەدەست داوە. هاوکات گرێبەستە دواخراوەکانی زێڕی ئەمەریکی بە ڕێژەی سفری پۆینت سێ لە سەد دابەزی و گەیشتە 4191.10 دۆلار.
بەهای دۆلار بەرەو تۆمارکردنی قازانجی هەفتانە دەڕوات، ئەمەش وا دەکات کانزاکان بۆ خاوەن دراوەکانی تر گرانتر بکەون. هەروەها قازانجی قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمەریکا بۆ 10 ساڵ و 30 ساڵ گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ساڵی 2002ـەوە.
داتاکان نیشانی دەدەن کە هەڵاوسان لە ئەمەریکا کەمتر لە پێشبینییەکان بەرز بووەتەوە، هەروەها داواکارییەکانی بێکاری لە ئەمەریکا بۆ نزمترین ئاستی 57 ساڵی ڕابردوو دابەزیون کە ئاماژەیە بۆ سەقامگیریی بازاڕی کار. لە ئێستەشدا بازرگانان پێشبینی دەکەن تەنیا بە ڕێژەی 25 لە سەد ئەم مانگە ڕێژەی سوود بەرز بکرێتەوە، لە کاتێکدا پێشتر پێشبینییەکە 70 لە سەد بوو، بەڵام پێشبینییەکان بۆ بەرزکردنەوەی لە مانگی کانوونی یەکەمدا بۆ 79 لە سەد بەرز بووەتەوە.
لەبارەی کانزاکانی تریش، نرخی زیو بە ڕێژەی سفری پۆینت دوو لە سەد دابەزی و گەیشتە 60.71 دۆلار، پلاتینیش سفری پۆینت سێ لە سەد دابەزی و گەیشتە 1718.80 دۆلار، بەڵام پلادیۆم بە ڕێژەی سفری پۆینت شەش لە سەد بەرز بووەوە و گەیشتە 1177.80 دۆلار.