بەڕێوەبەری زووم: سەعات دووی بەرەبەیان پەڕە فەرمییەکانمان سڕاونەتەوە

:: AM:11:01:02/10/2026 ‌
قەیرانەکانی کەناڵی زووم قووڵتر بوونەوە، لە لایەکەوە بەڕێوەبەری کەناڵەکە ڕای گەیاند کە سەعات دووی بەرەبەیان هێرشێکی ئەلیکترۆنی کراوەتە سەر سەرجەم پەڕەکانیان و هاک کراون، لە لایەکی تریشەوە دەیان ڕۆژنامەنووس و کارمەندی کەناڵەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا کۆتاییهاتنی پێوەندیی خۆیان بە دەزگاکەوە ڕاگەیاند و بەڕێوەبەرەکەیان بە کارکردن بۆ بەرژەوەندیی کەسی تۆمەتبار کرد.

هێمن مەحموود بەڕێوەبەری کەناڵی زووم لە پەیامێکدا ڕای گەیاند، هێرشێکی ئەلیکترۆنی کراوەتە سەر پەڕەی فەرمیی کەناڵی زووم و سڕاوەتەوە. ڕوونی کردەوە کە سەعات دووی بەرەبەیان سەرجەم پەڕەکانی کەناڵەکە هاک کراون، نیگەرانیی خۆیشی دەربڕی بەوەی کە "چی ماوە بە زووم بکرێت، هێرش دەکەن، دایدەخەن، تاڵانی دەکەن و هاکی دەکەن".

لە بەرانبەر ئەمەدا، دەیان ڕۆژنامەنووس، تەکنیککار و کارمەندی سەرەکیی کەناڵەکە ڕاگەیەنراوێکیان بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک لە چاوەڕوانی و ڕاگرتنی پەخشی کەناڵی زووم و بێبەشکردنیان لە مافی کارکردن، ڕایدەگەیەنن کە بە هیچ شێوەیەک نابنە بەشێک لە هیچ گەمەیەکی سیاسی، ململانێی حزبی یان دەستوەردان و ئەجێندای هەواڵگریی لایەنێکی دیاریکراو، کاری ئەوان تەنیا جێبەجێکردنی ئەرکی پیشەیی ڕۆژنامەوانییە.

ڕۆژنامەنووسەکان ئاشکرایان کردووە کە بەپێی بەدواداچوونەکانیان، لە دوای ڕاگرتنی پەخشی کەناڵەکەوە دەرفەت هەبووە بۆ دەستپێکردنەوەی پەخش، بەڵام بەرژەوەندی و دەستکەوتی کەسی کراوەتە بنەمای چارەسەر. ئەوان ڕەخنە لە بەڕێوەبەری کەناڵەکە دەگرن و دەڵێن، بە هەر هۆکارێک بووبێت نەیویستووە یان نەیتوانیوە دەرفەتەکان بقۆزێتەوە و کارمەندەکان بگەڕێنێتەوە سەر کارەکانیان.

لە کۆتاییدا ئەو کارمەندانە دووپاتیان کردەوە کە چیتر لە کەناڵی زووم بەردەوام نابن، لەمەودواش بەڕێوەبەری زووم ناتوانێت بە ناوی داکۆکیکردن لێیان لێدوان بدات، هاوکات ئازادن لەوەی لە هەر دەزگایەکی تری میدیایی یان پڕۆژەیەکی نوێدا درێژە بە کاری ڕۆژنامەوانی بدەن.


وشە - پۆڵا مەحموود