ئەمڕۆ هەینی دووی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق دووپاتی کردەوە، هیچ نیشانەیەک بۆ ڕوودانی خۆڵبارین لە وەرزی زستانی داهاتوودا لە ئارادا نییە، لە هەمان کاتدا پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نمەبارانی پچڕپچڕ ناوچە جیاوازەکانی ناوەڕاست و هەرێمى کوردستان بگرێتەوە.
عامر جابری،
گوتەبێژی فەرمیی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی لە لێدوانێکدا گوتی، کەشوهەوا لە نێوان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواودا دەبێت، لەگەڵ بوونی ئەگەرى بارانی کەم تا مامناوەند لە چەند ناوچەیەکی ناوەڕاست و هەرێمى کوردستان کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە بەشەکانی ڕۆژهەڵات چڕ دەبێتەوە، هاوکات باران لە ناوچە سنوورییەکانى باکوری ناوچەی باشووریش دەبارێت.
زیاتر گوتی، پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکور لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ نزیک دەبن، لەگەڵ بەرزبوونەوەیەکی کەم لە ناوچەی باشوور، بە جۆرێک کەشەکە مامناوەند دەبێت و لە سەعاتەکانی نیوەڕۆدا بەرەو گەرمبوون دەچێت، لە شەو و بەیانیانیشدا ڕوو لە فێنکبوون دەکات.
ئاماژەی بەوەیش کرد، هیچ ئاماژەیەک بۆ دۆخی توندی کەشوهەوا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە ئارادا نییە، بارانبارین بە شێوەیەکی ئاسایی لە مانگی تشرینی دووەمەوە دەست پێ دەکات و ڕەنگە تا مانگی کانوونی یەکەم بەردەوام بێت، لە کاتێکدا تا ئێستە هیچ ڕاپۆرتێکی سەرەتایی لەبارەی دۆخى وەرزی زستان دەرنەچووە.
گوتەبێژی دەستەی کەشناسی لە درێژەی قسەکانیدا زیاتر گوتی، هەندێک حاڵەتی ڕەشەبا لەوانەیە کات بە کات ڕوو بدەن، بە جۆرێک ئەگەری هەیە خێرایی با بگاتە 50 بۆ 60 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی پێویست کاریگەری لەسەر هاتوچۆی هاووڵاتییان یان گەشتە ئاسمانییەکان دروست بکات.