قائانى: عێراق ئەمەریکاى دەرکرد

:: PM:06:53:02/10/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی دووی تشرینی یەکەمی 2026، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە دووەمین ساڵوەگەڕى کوژرانی حەسەن نەسروڵا ڕای گەیاند، نەوەی نوێی حزبوڵا هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام دەدات و بەرەی بەرگری لە ئەفغانستانەوە تا یەمەن و لوبنان یەکگرتووە، هاوکات دووپاتی کردەوە ئەمەریکا بە هەموو کەرەستەکانییەوە لە عێراق دەرکراوە و پیلانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ بەچۆکداهێنانی ئێران لە ماوەی چوار ڕۆژ یان دوو هەفتەدا شکستی هێناوە.

ئیسماعیل قائانى فەرماندەی فەیلەقی قودس گوتى، پێویستە پشتێنەی بەرگری، سەربەخۆییخوازی و شکۆ لە ئەفغانستانەوە تا یەمەن و لە ئێرانەوە تا غەزە و لبنان لە سەرانسەری جیهانی ئیسلامیدا توندوتۆڵ بکەین.

لەبارەی دۆخی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، قاانی گوتی، "ئەمەریکییەکان بە هەموو کەرەستە و کەلوپەلەکانیانەوە لە عێراق دەرکراون و خەڵکی ئەم وڵاتە بە خۆڕاگریی نەتەوەی عێراق و قارەمانانی بەرەی موقاوەمە بۆ ئەم سەرکەوتنە ئاهەنگ دەگێڕن".

فەرماندەی فەیلەقی قودس گوتی، ئەمەریکییەکان پێیان وابوو دەتوانن لە چوار ڕۆژ یان بە ئەوپەڕی لە دوو هەفتەدا ئێران ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکەن، بەڵام ڕووبەڕووی دۆخێک بوونەوە کە بە تەواوی لەگەڵ لێکدانەوەکانیان جیاواز بوو.

لەبارەی ناوخۆی عێراقیش، قاانی زیاتر گوتی، عێراق ئەمڕۆ ئەمەریکای دەرکردووە و بە هاوئاهەنگی لە نێوان حكوومەت، پێکهاتە جیاوازەکانی وڵات، داهاتووی خۆی بە سەلامەتی و سەروەریی زیاترەوە بەرەوپێش دەبات.

ئاماژەی بەوەیش کرد، ئەمەریکا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هێنانەپێشەوەی بابەتە لاوەکییەکان، وەک ڕێگرى لە فڕینی فڕۆکەکان، گرنگیی دەرکردنی خۆی لە عێراق لە پێش چاوی ڕای گشتیی جیهان کەم بکاتەوە.


وشە - رزگار خدر