نوێترین كتێبی پەرەنگ فەرازمەند لەسەر موزیكی كوردی لە ڕوانگەیەكی موزیكناسانە، بە زمانی ئینگلیزی لە ژێر ناوی "پێوەندی نێوان جێندەر و دەسەڵات لە موزیكی نەریتی كوردیدا" چاپ و بڵاو كرایەوە.
پەرەنگ فەرازمەند لەبارەی كتێبەكەیەوە بۆ "وشە" گوتی، ئەم كارە بەرهەمی 12 ساڵ توێژینەوەی منە لەسەر موزیكی كوردی لە چەند ناوچەیەكی ڕۆژهەڵات و لە دیاسپۆرا.
كتێبەكەی پێشكەشی هونەرمەندان ناسری ڕەزازی، نەجمەدین غوڵامێ، مەرزیە فەریقی، فەتانەی وەلیدی و هەموو موزیكڤان و گەورە هونەرمەندانەی كورد كردووە كە خزمەتی زۆریان لەو بوارەدا كردووە.
ئەم كتێبە بریتییە لە 600 لاپەڕە كە لە توێی دوو بەرگدا لەلایەن وەشانخانەی Logos Verlag Berlin ەوە بڵاو كراوەتەوە و ئێستە بەردەستە.
لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكەوە گوتی، ئەو كتێبە لەسەر پێوەندیی نێوان جێندەر و دەسەڵاتە لە موزیكی نەریتی و ڕەوەندی كوردیدا بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، هەروەها لە ناو كوردانی تاراوگە بەتایبەت لە سوید.
كتێبەكە لە دوو بەشی سەرەكی پێكهاتووە، بەشی یەكەم تەرخان كراوە بە مێژوویەكی جێندەری لە موزیك و كولتووری كوردیدا، هەروەها پێوەندیی جێندەر و دەسەڵات لە گۆرانی و فۆرم و مەقامە كوردییەكان و ئامێرە موزیكییە كوردییەكان، هەڵپەڕكێ و شێوازی گۆرانیگوتن لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە تایبەت لە ناوچەی موكریانە.
بەشی دووەمی كتێبەكە تەرخان كراوە بۆ هەمان بابەتی پێوەندیی جێندەر و دەسەڵات لە موزیكی تاراوگەنشینانی سوید، قسە لەسەر ئەو بابەتە دەكات كە سەرەتا چۆن كوردانی تاراوگە موزیكیان بەكار هێناوە بۆ نەتەوەسازی و وێناكردنەوەی نیشتمان، پاشان چۆن نۆرمە جێندێرییەكانیان لە بواری گۆرانیگوتن و ئامێرژەنین و پێرفۆرمانسی موزیكی كوردی گۆڕیوە، چۆن ئاڵوگۆڕیان هێناوە بەسەر واتای پێرفۆرمانسی ژنێتی و پیاوێتی لە موزیكی كوردیدا، كە لە ئەنجامدا بزاڤێكی فێمێنیستیان لە چوارچێوەی دەق و پێرفۆرمانسی موزیكی كوردی لە تاراوگە ساز داوە.