گۆڕانی گردەكە: دانا ئەحمەد مەجید تاوانبارە

:: AM:10:16:03/10/2026 ‌
گۆڕانی گردەكە راگەیەنراوێكی بۆ رای گشتی بڵاو كردەوە و دەڵێت، دانا ئەحمەد مەجید تاوانبارە، ئێستە چۆن كراوەتە سەرۆكی حزبێك.

ئەمڕۆ شەموو سێی تشرینی یەكەم، لە راگەیەنراوێكی بزووتنەوەی گۆڕان باڵی گردەكەدا هاتووە، لەبارەی پێشێلكاریی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە پەسندكردنی سەركردایەتیی پارتێك، لە كاتێكدا هەمووان چاوەڕێی چەسپاندنی سەروەریی یاسا و پاككردنەوەی پرۆسەی سیاسین، مخابن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بڕیارێكی سەرسوڕهێنەری دەركردووە؛ بە پەسندكردنی كەسێك وەك سەرۆكی پارتێكی سیاسی كە سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێنراوە، لەسەر تاوانێكی پێوەندیدار بە بەهەدەردانی سامانی گشتی.

باڵی گردەكە دەڵێن، یاسای لێخۆشبوون مەرجی توندی داناوە بۆ دۆسیەكانی سامانی گشتی؛ ئەویش گەڕاندنەوەی تەواوی ئەو پارانەیە بۆ گەنجینەی دەوڵەت كە تا ئێستە ئەمە نەكراوە و شوێنەوارە یاساییەكانی تاوانەكە هەر ماون، هەروەها نووسراوە فەرمییەكانی سەرۆكایەتیی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان، دووپات لەسەر بەردەوامیی وردبینی و داواكردنی دۆسیەی تاوانبار (دانا ئەحمەد مەجید شاسوار) دەكەنەوە، واتە دۆسیەكە هێشتا كراوەیە.

لە بەیاننامەكەیاندا بۆ رای گشتی باس لەوەش دەكەن، بەپێی یاسا، نابێت كەسێك ببێتە سەرۆكی پارت كە مەحكووم بێت بە تاوانی "مخل" بە شەرەف یان بەهەدەردانی سامانی گشتی. ئەم پەسندكردنە بەزاندنی ئاشكرای ڕۆحی یاسایە، هەروەها مەترسی لەسەر پێوەرەكانی دەستپاكی ئەم بڕیارەی كۆمسیۆن پێشینەیەكی مەترسیدارە و متمانەی هاووڵاتی بە دەزگا چاودێرییەكان لاواز دەكات.

باڵی گردەكە چەند داواكارییەكیان هەیە و دەڵێن، پێویستە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەستبەجێ لەم بڕیارە پاشەكشە بكات، دۆسیەكە وردبینیی تێدا بكاتەوە و داواكاری گشتی و لایەنە چاودێرییەكان بەپەلە دەستوەردان بكەن بۆ تانەدان لەم پەسندكردنە و پاراستنی سامانی دەوڵەت.



وشە - رامیار جەواد