ئەمڕۆ (3/10/2026) هەشت ساڵ بەسەر كۆچی دوایی مام جەلال سەرۆك كۆماری پێشتری عێراق و سكرتێری گشتیی یەكێتی تێدەپەڕێت. چاودێران پێیان وایە، ئەگەر مام جەلال لە ژیاندا بوایە، دەمێك بوو حكوومەتی هەرێم پێكهاتبوو و پەرلەمانیش كارا كرابووەوە.
مام جەلال لە قۆناغەكانی ژیانی سیاسیی خۆیدا، لە سەرەتادا وەك دەروێشێكی رێی بارزانی دەركەوت و پاشان بەهۆی نزیكی لە باڵی مەكتەبی سیاسی، لە رەوتی بارزانی دوور كەوتەوە، ئەوەش وایكرد كورد چەند دەیەیەك باجی شەڕی ناوخۆ و ململانێی حزبی بدات.
مام جەلال كوڕی حیسامەدین كوڕی شێخ نوورەڵای تاڵەبانییە و ساڵی (1932) لە گوندی كەلكانی بناری چیای كۆسرەت لە دایك بووە، ساڵی (1946) لەگەڵ چەند ژمارەیەك خوێندكار، كۆمەڵەیەكی فێركاری نهێنیی دامەزراند بە ناوی كۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە و بە سكرتێر هەڵبژێردراوە، ئامانجێكی كۆمەڵەكە هاندانی خوێندكاران بوو بۆ خوێندنەوەی دەرەكی، ساڵی (1947) بووەتە ئەندامی پارتی دیموكراتی كورد ساڵی (1951) و لە كۆنگرەی دووەمی پارتی دیموكراتی كورد، بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا.
ساڵی (1952) چووەتە كۆلیژی ماف لە بەغدا و ساڵی (1953) بەشداریی كۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردووە و بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە، لە هەمان ساڵدا سەرپەرشتی یەكەمین كۆنگرەی یەكێتیی قوتابیانی كوردستانی كرد، لەو كۆنگرەیەدا بە سكرتێری گشتی قوتابیانی كوردستان هەڵبژێردرا و یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، ساڵی (1954) بە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردراوە.
ساڵی (1955) چووەتە دەرەوەی عێراق و لە فێستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی جیهانی لە وارشۆ بەشداریی كردووە و لەوێوە سەردانی یەكێتیی سۆڤییەت و چینی كردووە، دواتر بەهۆی چالاكییەكانیەوە پەنای بۆ خەباتی نهێنی بردووە و ناچار بوو لە پۆلی چوارەمی مافدا خوێندن بەجێبهێڵێت.
ساڵی (1957) سەردانی سووریا و مۆسكۆی كردووە و لە فێستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی مۆسكۆ بەشداریی كردووە، لەوێ چاوی بە سەرۆك مستەفا بارزانی دەكەوێت و خۆی لە دیمانەیەكیدا دەیگێڕێتەوە، بۆ یەكەم جار سەرۆك بارزانیم بینی لە هۆش خۆم چووم، مام جەلال زۆر سەرسامی سەرۆك مستەفا بارزانی بووە و تا جیابوونەوەی باڵی مەكتەبی سیاسی، یەكێك بووە لە نزیكەكانی.
لە یەكەم رۆژی شۆڕشی (14)ی تەمووزی ساڵی (1958)، سەرپەرشتی رێكخستنی خۆپێشاندانی جەماوەریی سلێمانی كردووە، دواتر چووەتە بەغدا و بەشداریی لە كاروباری مەكتەبی سیاسی و دەركردنی گۆڤاری رزگاریدا كردووە.
ساڵی (1959) جارێكی تر بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرایەوە، لە هەمان كاتدا ئەفسەری یەدەگی كەتیبەی چوارەمی زرێپۆش بوو، هەروەها بەشداری لە دەركردنی رۆژنامەی خەباتدا دەكرد كە بە زمانی عەرەبی دەردەچوو و بە ناوی پیرۆتەوە گوتاری تێدا بڵاو دەكردەوە.
ساڵی (1961) بووە سەرنووسەری رۆژنامەی كوردستان و دوای داخستنی رۆژنامەی خەبات لە بەغدا، بە نهێنی گەڕاوەتەوە سلێمانی و بەشداریی لە رێكخستنی مانگرتنی گشتیدا كرد.
ساڵی (1963) و دوای كودەتاكەی شوبات، مام جەلال بە سەرۆكی شاندی كوردی دەستنیشان كرا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی تازەدا، سەردانی كۆماری میسری و جەزائیری كرد و چاوی بە عەبدولناسر و بن بێلا كەوت و لە هەمان ساڵیشدا سەردانی ئەوروپای كرد.
ساڵی (1964) گەڕاوەتەوە كوردستان و ئەركی خۆی لە فەرماندەییكردنی هێزی رزگاری گرتەوە ئەستۆ، كە یەكێك لە هێزە دیارەكانی شۆڕشی ئەیلوول بەسەرۆكایەتیی سەرۆك مستەفا بارزانی بووە.
ساڵی (1966) بەهۆی ناكۆكییەكانی ناو (پارتی دیموكراتی كوردستان – عێراق)ەوە، لەگەڵ هاوڕێكانیدا لە مەكتەبی سیاسی دەچێتە ئێران و پاشان دەگەڕێتەوە عێراق.
ساڵی (1975) سەردانی ئەوروپا دەكات و لە نەمسا لەگەڵ هاوڕێكانی د. كەمال فوئاد و نەشیروان مستەفا، بیرۆكەی سەرهەڵدانی شۆڕش و دروستكردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دادەڕێژن.
بەشێكی زۆری چاودێران و مێژوونووسانی كورد باس لەوە دەكەن، یەكێتی هەر لە سەرەتاوە جۆرێك لە سڕینەوەی پارتی و هێزەكانی تری ئەوكات خستبووە كاری رۆژانەی، ئەمەش كێشەی زۆری لە ناوخۆی كوردستان دروست كرد، شەڕی نێوان یەكێتی و تەواوی حزبەكانی تری كوردستانی بەدوادا هات، بەڵام دوای تەمەنێك لەسەر ئەو بەرنامەیە، مام جەلال خۆی لە زۆر شت پەشمان بووەوە و پێی وابوو بێ پارتی، هیچ ناكرێت و دەبێت پێكەوە كار بكەن.
لەم ساڵانەی دوای 2003 بەڕژدی هەوڵی یەكخستنی ماڵی كوردی دا و كابینەی حكوومەتی یەكگرتوو دوای شەڕێكی خوێناوی ناوخۆ پێكهات.
سەرۆك بارزانی لە زۆر شوێندا ئاماژەی بە هەوڵەكانی مام جەلال لە ئاشتبوونەوە و پێكهینانی حكوومەت و كاری پێكەوەیی لە بەغدا كردووە، ئەگەرچی بەشێك لەسەركردایەتی رازی نەبوون مام جەلال ئەوەندە لەگەڵ پارتی كۆك بێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی كاریزما و بڕیاربەدەستی یەكەمی یەكێـتی بوو، زۆر گوێی بەو دەنگانە نەدەدا.
مام جەلال بەهۆی مێژوو، تێگەیشتنی قووڵی لە كێشەكانی كوردستان، زۆر گوێی بەفشاری وڵاتانی هەرێمیش نەدەدا، بۆیە چاودێران پێیان وایە ئەگەر ئێستە لە ژیاندا بوایە، كێشەكان نەك ئەوەندە گەورە نەدەبوون، بەڵكو هەموو شت لە كوردستان پێكەوە دەكرا و كوردیش وەك جاران لە بەغدا مافەكانی زیاتر بەدەست دەهات.
مام جەلال كە پێگەیەكی بەهێزی لە رێكخستنی ناوماڵی كورد هەبوو، لە (18/12/2012) بەهۆی دووچاربوونی بە جەڵتەی مێشك، گەیەنرایە نەخۆشخانەكانی ئەڵمانیا و دوای (19) مانگ مانەوە، گەڕایەوە كوردستان.
رۆژی (3/10/2017) لە ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد و دواتر لە رێوڕەسمێكدا تەرمەكەی گەڕێنرایەوە كوردستان و لە گردی دەباشانی سلێمانی بە خاك سپێردرا.