توێژینەوەیەكی نوێ دەریخستووە كە شەوانە تیشكی شاشەكان، زۆر مەترسیدارە و ئەگەری هەیە كەسەكە تووشی جەڵتەی دڵ و مێشك بكات، چونكە ئەو تیشكە كاریگەریی لەسەر گۆڕانی ئەركەكانی دڵ دەكات، بەتایبەتی ئەگەر لە ژوورێكی تاریكدا بێت.
بەشی تەندروستیی پێگەی "
ئەهرام"ی میسری، رۆشنایی خستووەتە سەر توێژینەوەكە كە لە زانكۆی تۆلینی ئەمەریكی ئەنجام دراوە، باس لەوە دەكات كە توێژەران چاودێریی زیاتر لە 11 هەزار كەسیان لە ماوەی هەفتەیەكدا كردووە، خۆیان خستووەتەبەر تیشكی شاشەكان و بەتایبەتی شاشەی مۆبایل، دواتر تیشكی لەرینەوەی موگناتیسیی دڵیان بۆ كردوون، لەوێدا دەركەوتووە ئەوانەی زیاتر شەوانە كەوتوونەتەبەر تیشكی شاشەكان و بەتایبەتی مۆبایل، كێشە بۆ ئەركی دڵیان دروست بووە و گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە.
توێژینەوەكە بەوە گەیشتووە كە ئەوانەی شەوانە تیشكی زۆریان بەركەوتووە، گۆڕانكاری لەسەر ماسولكەی دڵیان دروست بووە و دڵ نەیتوانیوە بە ئەركی دروستی خۆی هەستێت، بۆیە لاواز بووە، بۆ ئەوەیش مەترسیی زۆر هەیە كەسەكە تووشی جەڵتەی دڵ یان مێشك بێت.
ئەنجامی توێژینەوەكە لەڕووی زانستییەوە بەوە گەیشتووە، زۆر گرنگە شەوانە و لە كاتی خەوتندا، شاشەكان دابخەن یان بیانكوژێننەوە، هاوكات هەرچی دەكرێ مۆبایل لە شوێنی خەوتن دوور بكرێتەوە و تیشكەكەی بكوژێنرێتەوە.