سەرجەم ئامادەكارییەكان كراوە و سبەی خوێندنی كوردی لە كەركووك دەست پێ‌ دەكات

:: AM:11:55:03/10/2026 ‌
سەرجەم ئامادەكارییەكان بۆ خوێندنی ساڵی نوێ‌ لە عێراق كراوە، بەشی كوردیش لە كەركووك بە پاڵپشتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرجەم ئامادەكارییەكانی تەواو كردووە و یەكەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێ‌ دەدەن.

ئەمڕۆ شەموو سێی تشرینی یەكەم، كامەران عەلی بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك، بە "وشە"ـی راگەیاند، بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئامادەكاریی تەواو كراوە، پرۆسەی خوێندنی كوردی لە كەركووك لە قۆناغێكی گەشەسەندوودا بەڕێوە دەچێت.

بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی زیاتر گوتی، زیاتر لە 104 هەزار قوتابی لە قۆناغە جیاجیاكاندا لە 562 قوتابخانە و باخچەی منداڵاندا لە كەركووك دەست بە خوێندن دەكەن.

باسی لەوەش كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رەخساندنی ژینگەیەكی گونجاو، بەڵێنی دابینكردنی هەزار مێزی دانیشتنی قوتابیان و 500 وایت بۆردی بۆ پۆلەكانی خوێندن داوە.

ئەو بەرپرسەی خوێندنی كوردی دەڵێت، ستافێكی پەروەردەیی كەركووك پێكهاتوون لە هەشت هەزار و 200 مامۆستا و فەرمانبەر، سەرپەرشتیی پرۆسەی وانەگوتنەوە و بەڕێوەبردنی ناوەندەكانی خوێندن دەكەن، لە رووی دابینكردنی پێداویستییە لۆجستییەكانەوە، بەڕێوەبەرایەتییەكە ملیۆنێك و 200 هەزار كتێبی خوێندنی بۆ ئەمساڵ دابین كردووە.

بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك ئەوەشی خستەڕوو، قوتابیانی خوێندنی كوردی لەسەر ئاستی عێراق، پلەی یەكەم و دووەمیان بەدەست هێناوە، لە خولی یەكەم 140 قوتابی و لە خولی دووەمدا 50 قوتابی پلەی نایابیان بەدەست هێناوە و خەڵات كراون، ئەمەیش نیشانەی سەركەوتنی پرۆسەی خوێندنی كوردییە لە كەركووك.



وشە - رامیار جەواد