رێكخراوی هانا بڵاوی كردەوە، لە مانگی ڕابردوودا 15 ژن لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوونەتە قوربانی و لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستە 64 كورد لە سێدارە دراون.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕاپۆرتێكی بۆ مانگی ئەیلوول بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، لە مانگی ئەیلوولدا لانیكەم 72 هاووڵاتیی كورد لەلایەن هێزەكانی رژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون، هەروەها تۆمەتە سەرەكییەكانیان بەستراونەتەوە بە چالاكیی مەدەنی، میدیایی و سیاسی.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، لە مانگی ئەیلوولی ڕابردووەوە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دوو ژن كوژران و پێنج ژنیش بەشێوەی گوماناویی گیانیان لە دەست داوە، ڕووداوەكان لەلایەن هاوژین یان كەسی یەكەمی خێزانەكانیان ئەنجام دراوە، پاشان هەشت ژنیش لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە گیراون.
ئاماژە بەوەش كراوە، لە چوارەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا مانگرتنی گشتی لە 17 شاری ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوەچوو و ڕێژەی كاسبكاران نزیكەی 80% بوو، دەزگای ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران گوشاری زۆریان خستەسەر كاسبكاران، لە ڕێگەی هەڕەشەی داخستنی شوێنی كار، هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەت و جێبەجێكردنی سزای كارگێڕی.
ئەوەش خراوەتەڕوو، سزای 10 كەس لە دەستبەسەركراوەكاندا بە كۆی گشتی بە 43 ساڵ گرتن سزا دراون.
دوو هاووڵاتیی كورد لە سێدارە دراون، بەمەش ژمارەی لەسێدارەدراوانی كورد لە سەرەتای ساڵی 2026وە تا ئێستە، بۆ 64 حاڵەت بەرز بووەتەوە، هەروەها گیراوێك بە ناوی ئەمیر ئەمیری، لە گرتووخانەی قزلحەسار لە دۆخێكی ناڕوون و بەشێوەی گوماناویی گیانی لە دەست داوە.
هەر لە ڕاپۆرتەكەی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هانادا هاتووە، هەر لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی ڕژێمی ئێران، دوو كۆڵبەری كورد كوژراون و یەك كۆڵبەری تریش بریندار بووە، هاوكات لە ئۆپراسیۆن و پێكدادانی هێزە حكوومییەكاندا، كوژرانی چوار هاووڵاتی بە ناوەكانی (شێرزاد قاسمی لە كرماشان، موجتەبا باباخانی لە ئیلام، عەلی ئوسلووب لە پیرانشار و شەماڵ فەخرلعولەمایی لە مەریوان) پشتراست كراوەتەوە.