ئاشتییان دەوێ و بەردەوامن لە جەنگ.. بۆچی دیپلۆماسیی ئێران و ئەمەریكا شكست دێنێت؟

:: PM:12:12:03/10/2026 ‌
وا دەردەكەوێ تاران و واشنتن لە دانوستان و جەنگ گیریان خواردووە، بێ ئەوەی وردەكاریی كێشەكان ئاشكرا بكەن، هەر گەڕێكی دانوستان لە 18 مانگی ڕابردوو لە نێوان هەردوولا بە گرژی و پێكدادانی سەربازی كۆتایی پێ هاتووە، دواجاریش یاداشتی لێكگەیشتن بۆ گەیشتنە ڕێككەوتنیش لە حوزەیران/یۆنیۆ بە خێرایی شكستی هێنا.

ناكۆكیی نێوان هەردوولا زیاتر دەبێ و خێرایی گفتوگۆكان و سروشتی گەیشتن بە رێككەوتنێكی خوازراو و پەسندكراو لەلایەن هەردوولا قورستر دەبێت، لەگەڵ بوونی گومان و گوشاری ناوخۆ لە نێوان هەردوولاوە، وا دەردەكەوێ ئەگەرەكانی دەستكردنەوە بە پێكدادان پێوەستە بە ڕێڕەوی دیپلۆماسیی ئێستە.

لە ڕاپۆرتێكی پێگەی "ئەكسیۆس"دا هاتووە، ڕیشەی تەنگژەكە پێوەستە بە جیاوازی زەمەن و دانوستان و سیاسەتكردن، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا ڕێككەوتنێكی خێرای دەوێ، تا وەك دەسكەوتێك پێشكەشی ئەمەریكییەكانی بكات، لە بەرانبەردا ئێران دانوستانێكی لەسەرخۆ و پرۆسەیەكی دوور و درێژەی گەیشتنە ڕێككەوتنی دەوێ، بۆ ئەوەی كاتی زیاتری دەست بكەوێت.

كەریم سوجادپوور توێژە لە دامەزراوەی كارینگی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی دەڵێ، ترەمپ بەدەست نەمانی سەرنج لەسەر خۆی و كارەكانی دەناڵێنێت، ئێرانیش بەدەست دوودڵی و نیگەرانییەوە، ترەمپ لە دانوستانەكانی نیسان/ئەپریلی 2025 ماوەی 60 ڕۆژی بە ئێران دا، بەڵام لە شوبات/فێبرایەری ئەمساڵ ماوەكەی بۆ سێ هەفتە كەم كردەوە، ئەمەیش قورسە تا لەو ماوە كەمە بگەن بە ڕێككەوتنێكی تەواو.

بەگوێرەی ئەكسیۆس، ترەمپ دەیەوێ ڕێككەوتنێكی گەورە بكات و دووبارە پێناسەی پێوەندیی ئەمەریكا و ئێران بكاتەوە و شوێنپەنجەی خۆی لە سیاسەتی ئەمەریكا جێبهێڵێت، لە بەرانبەردا تاران ڕێككەوتنێكی كاتی و كردارەكی دەوێ، بێ زۆر دەركەوتن و گواستنەوەی سەرنجی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئێران.

سوجادپوور نووسیویەتی، فەرهەنگی سیاسەتی ئێران بە نەرێنی لە پێشەشكردنی ساز دەڕوانێت، بۆیە سەركردەكانی ترەمپ ئامادە نین ڕاستەوخۆ دیداری ترەمپ بكەن، ئەو جیاوازییە بریتییە لە سەرچاوەی جناكۆكی لە پێناسەكردنی ئامانجەكان، بەڵام واشنتن دەیەوێ یەكلاكردنەوەیەكی فرەوان بوونی هەبێت، تاران دەیەوێ بە جۆرێك مامەڵە بكات كە هەر ڕێككەوتنێك ئاگربەست و ئارامییە بۆ گەیشتن بە دانوستانی ماوەدرێژ.

نەبوونی متمانە كۆسپی سەرەكییە لە بەردەم دانوستانەكان، لە تاران بەرپرسان لەو باوەڕەدان كە ئەمەریكا دانوستانەكان وەك هەوڵێك بۆ پەردەپۆشكردنی ئامادەكاری بۆ هێرشی تری لە ناكاو بەكار دەهێنێت. دووپات لەوە دەكەنەوە كە دووجار ترەمپ هەڵیخەڵەتاندوون لەو كاتەی دانوستان لە نێوان هەردوولا هەبووە.

لە بەرانبەردا واشنتن تاران بەوە تۆمەتبار دەكات، یاداشتی لێكگەیشتنی حوزەیران/یۆنیۆی پێشێل كرد، كاتێك هێرشی كردە سەر كەشتییەكان لە گەرووی هورمز، هاوكات سەرانی واشنتن گومانیان لە تواناكانی تیمی دانوستانكاری ئێران هەیە لە پابەندكردنی سوپای پاسداران لە هەر ڕێككەوتنێك كە لە نێوان هەردوولا ئەنجام دەدرێت.

ئەو بەرپرسانەی تاران كە پشتیوانی گەیشتنە ڕێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكا دەكەن، لە ناوخۆی ئێران بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشی میدیایی و ڕەخنەی توند دەبنەوە، ئەمەیش ناچاری كردوون كە هەڵوێستی توند دەرببڕن، لە بەرانبەردا واشنتن گوشاری خستووەتە سەر ڕاستڕۆكان تا ڕێگریی لە هەر یەكلاكردنەوەیەكی دۆسیەی ئێران بكەن، ڕەخنەی زۆر لە چەپەكان بگرن و واژووكردنەوەی ڕێككەوتنێكی هاوشێوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی 2015 بكەنە بیانوویەك تا دووبارە بۆ جەنگ بگەڕێنەوە.

لەو دیمەنە ئاڵۆزەدا وا دەردەكەوێ، ستیڤ ویتكۆفی نێردەی تایبەت و جارید كۆشنەری زاوای ترەمپ و جەی دی ڤانسی جێگری، پشتیوانی بەردەوام بە دانوستانەكان بن، بەڵام ترەمپ زۆر بە گومانەوە لە دانوستانەكان دەڕوانێت.

ترەمپ پێشتر دووپاتی كردەوە، ئەوەی ئێران دەیخاتە ڕوو بەس نییە، ناتوانین بەمشێوەیە ئاشتی لەگەڵ تاران بهێنینە دی، بۆیە بیر لەوە دەكەمەوە كە لە دوای هەڵبژاردنی نوێكردنەوەی نیوەیی لە ئەمەریكا دووبارە دەست بە هێرشكردنە سەر ئێران بكەینەوە.

 لە بەرانبەر ئەمەدا مەسعوود پزیشكیانی سەرۆك كۆماری ئێران ئاشكرای كرد، وڵاتەكەی لە بەرپرسیاریەتییەكان ڕاناكات، بەڵام بەرپرسانی تر وایدەبینن، بەتایبەت لە ڕیزی سوپای پاسداران، پێویستە بەردەوامی بە جەنگ بدرێ و زۆرترین بودجەی وڵاتیش بۆ پارەداركردنی جەنگ تەرخان بكرێت.

بە ڕوانین لەو ئاماژە و ڕووداوانەوە، ئەگەری زۆرە جەنگی نێوان هەردوولا زیاتر درێژە بكێشێت، بەهۆی شكستی ئەم گەڕەی دانوستانەكانیش كە لە نیویۆركەوە و لە پەراوێزی كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستی پێ كرد، ئەگەری دووبارە پێكدادان لە نێوان هەردوولا یەكجار زۆرە، بەتایبەت ئەگەر ناكۆكییەكان لەبارەی كات و گەرەنتی و سروشتی رێككەوتن بێ چارەسەرێكی سیاسی بمێنێتەوە كە بتوانرێ لە واقیع جێبەجێ بكرێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د