حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی فەرمی عێراقی ئاگادار كردووەتەوە، كار بكرێت بە رێژەی سەرژمێری دانیشتووانی عێراق بۆ دیاریكردنی بودجە، مامۆستایەكی زانكۆش دەڵێت، عێراق چەندان ساڵە بەشێك لە كێشە ئابوورییەكانی بە بودجەی كوردستان چارەسەر كردووە.
ئەمڕۆ شەموو سێی تشرینی یەكەم، شۆڕش میكائیل مامۆستای زانستە سیاسییەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی بەردەوامن و بەشێكی زۆری داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان جێگیر كراون.
ئەو مامۆستایە دەڵێت، چەندان ساڵە عێراق كێشەی ئابووری هەیە، لە سەردەمانێكیش بەشێك لە كێشە ئابوورییەكانی بە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان چارەسەری كردووە كە نەیناردووە.
باسی لەوەش كرد، جیاوازیی كاركردن بەڕێژەی 12.67% و 14.14% نزیكەی پێنج تریلۆن دینارە، بۆیە عێراق ئێستە نایەوێت پشكی كوردستان زیاد بكرێت و بكرێتە پشكی راستەقینە.
شاخەوان عەبدوڵا سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027، گفتوگۆی زۆر باشیان لەسەر كراوە و بەشێكی زۆریان لەناو ڕەشنووسی بودجەدا شوێنیان بۆ كراوەتەوە.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت، ئەوەشی ماوەتەوە دیاریكردنی پشكی ڕاستەقینەی هەرێمی كوردستانە، لای ئێمە زۆر گرنگە بەپێی ئەنجامەكانی سەرژمێریی گشتیی عێراق بێت كە بەغدا خۆیان ئەنجامیان داوە، بۆیە پێویستە پشكی هەرێم لانی كەم 14.14٪ بێت.