میقداد میری گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رای گەیاند، لە مانگی ئەیلوول توانیویانە ژمارەیەك داواكراو بگرن و دەستن بەسەر چەك و مادەی هۆشبەر و بڕێكی زۆر پارەدا بگرن.
ئەمڕۆ شەموو سێی ئۆكتۆبەر، میقداد میری راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و دەڵێ، 308 تۆمەتباریان بەپێی مادە و بڕگە یاساییە جیاوازەكان گرتووە، لەو ژمارەیەیش 31 تۆمەتبار لە دۆسیەكانی دەستەی دەستپاكی، 55 تۆمەتبار لە دۆسیەكانی مادەی هۆشبەر، 16 تۆمەتبار بەپێی مادەی چواری تیرۆر و 206 تۆمەتباری تریش بەپێی فەرمانی یاسایی جیاواز گیراون.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ رای گەیاند، لە ئۆپراسیۆنەكانی گەڕان و پشكنیندا، 21 پارچە چەكی جۆراوجۆر، 356 فیشەك، 32 مەخزەنی چەك و 131 گولـلەی جیاواز دەستیان بەسەردا گیراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كردووە، هێزەكانیان توانیویانە هەزار و 425 گرام مادەی كریستاڵی هۆشبەر، 305 گرام حەشیش، 92 حەبی جۆراوجۆری هۆشبەر و كەرەستەی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستبەسەردا بگرن.