ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سەركردایەتیی كورد پێش كشانەوەی ئەمەریكا هەندێك ئامادەكاریی كردبوو، بەڵام ئێستە كاتی ئەوەیە چیتر كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەت دوا نەكەوێت.
شوان كەلاری ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە واڵی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، سەركردایەتیی سیاسیی كورد تا ئاستێك خۆی بۆ كاتی كشانەوەی ئەمەریكا ئامادە كردبوو، لەوانە یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و هاوسەنگی راگرتن لە شەڕی ئێران و ئەمەریكا، هەبوونی پێوەندیی لەگەڵ وڵاتان و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و عەلی زەیدی لەو هەنگاوانانەن، بەڵام پێویستر بوو كە پارتی و یەكێتی لەسەر پێكهێنانی حكوومەتیش رێكبكەون.
ئەو پێی وایە بەو هەنگاوانە لە داهاتوودا نە داعش و نە وڵاتانی تر ناتوانن سەرئێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكەن، "بەڵام گرنگە ئاشتەوایی نێوان پارتی و یەكێتی و دەستبەكاربوونی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم و ڕاهێنان و پڕچەككردنی پێشمەرگە، بەدەستهێنانی تەكنۆلۆجیای نوێی سەربازی بكرێتە كاری لە پێشینە".
ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە یەكێك لەو هۆكارانەی لە داهاتوودا بەغدا یان تاران و ئەنكەرە بیانەوێت هەرێمی كوردستانی پێ لاواز بكەن، دەستدرێژكردنە بۆ دروستكردنی ئاژاوە و كێشە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و لە ڕێگەی پێوەندیی تاك حزبی و كەسییەوە.
بەپێویستی دەزانێ كە دەستووری عێراق بكەینە بنەمای ڕێكخستنی پێوەندییەكان لەگەڵ بەغدا و بەهیچ جۆرێك سازشی لەسەر نەكەین ، ئەولەویەتی كارمان لەگەڵ بەغدا لەسەر (یاسای بودجە و یاسای نەوت و غاز، مادەی 140 و پێكهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی، ڕێكخستنەوەی دادگای فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی ڕژێمی ڕووخاو ) بێت .