دەوڵەتی یاسا دوو كاندید بۆ وەزارەتەكانی ناوخۆ و خوێندنی باڵای عێراق كاندید دەكات

:: PM:04:47:03/10/2026 ‌

تا ئێستە كابینەی حكوومەتی عێراق، كە لە 14ی ئایاری رابردوو متمانەی لە پەرلەمان پێ درا، ناتەواوە و نۆ وەزارەتی بەتاڵن، لەوانە ناوخۆ و بەرگری، كە ناكۆكی ناوخۆیی و دەرەكیان لەسەرە، بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگەدار هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دوو كاندیدی بۆ هەردوو وەزارەتی ناخۆ و خوێندنی باڵا دیاری كردووە.

بەپێی سەرچاوەكە، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا یاسر سخێڵی بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ و حەیدەر بەهای بۆ پۆستی وەزارەتی خوێندنی باڵا كاندید كردووە، هاوپەیمانیەتییەكە ناوەكانی رادەستی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە.

لای خۆیەوە قوسەی عەبای ئەندامی فراكسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە گفتوگۆ و كۆبوونەوەی هێزە سیاسییەكان بۆ یەكلاكردنەوەی ناوی كاندیدانی وەزارەتە بەتاڵەكان بەردەوامە، بۆ تەواوكردنی كابینەی حكوومەت و دەنگدان لەسەر كاندیدان لە پەرلەمان.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، وادەیەكی دیاریكراو بۆ سازكردنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر كاندیدانی وەزارەتە بەتاڵەكان دیاری نەكراوە و بابەتی دیاریكردنی كاندیدان تایبەتە بە سەرۆك وەزیران و ئەو ناوەكان دیاری دەكات و رەوانەی پەرلەمانیان دەكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل