یەكێك لە بەربەستەكانی بەردەم تەواونەكردنی كابینەی حكوومەتی عێراق، ناكۆكی نێوان هێزە سیاسییەكانە، بەتایبەتی هێزە كاریگەرەكان كە رێگری لە تێپەڕبوونی كاندیدی بەرانبەرەكەیان دەكەن، بەم دواییە كێشە كەوتە نێوان دەوڵەتی یاسا و عەسائیب ئەهلولحەق و ئەوان رێگرییان لە تێپەڕبوونی كاندیدی یەكتر كرد، بەپێی سەرچاوەیەك لە ماوەی ئەم هەفتە دەنگ لەسەر جێگرانی سەرۆك وەزیرانی دەدرێت.
یەكێك لە چارەسەرەكان بۆ رازیكردنی هەموو هێزە سیاسییەكان، دروستكردنی پۆستی نوێی باڵایە، لەوانە جێگرانی سەرۆك وەزیران و وەزارەتی نوێ، بەپێی سەرچاوەیەك پەرلەمانی عێراق هەوڵ دەدات لە ماوەی ئەم هەفتەیە دەنگ لەسەر جێگرانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بدات، ناوەكانی بۆ ئەو پۆستانە خراونەتە بریتین لە موحسین مەندەلاوی و لەیس خەزعەلی و محەمەد تەمیم، میكانیزمی یەكلابوونەوەی پۆستەكان و وادەی كۆتایی دەنگدان تا ئێستە بە فەرمی رانەگەیەندراوە.
ئاماژەی كرد، تا ئێستە ئەو بابەتە راوێژی لەبارەوە دەكرێت و چاوەڕوانی هەڵوێستی فەرمین لەبارەی میكانیزم و وادەی دەنگدانی پەرلەمان.
سەبارەت بە یاسای حەشدی شەعبی، مازن غەریب ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان گوتی، بڕیارە پڕۆژەیاساكە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو رەوانەوەی پەرلەمان بكرێت و ئێستە چەند بڕگەیەكی یاساكە هەموار دەكرێت، باوەڕ ناكەم پڕۆژەكە وەك ئێستە تێپەڕ بكرێت بە هۆی بوونی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی و ئەمەریكی، لای خۆیەوە محەمەد بەلداوی گوتەبێژی فراكسیۆنی سادیقوون ئاماژە دەكات كە تا ئێستە پڕۆژە یاسای حەشی شەعبی نەگەیشتووەتە پەرلەمان و پێویستە سەرەتا ئەنجوومەنی وەزیران پەسندی بكات، بەڵام پێشبینی دەكرێت لە چەند رۆی داهاتوو بگات.