مام جەلال: ئەگەر جارێكی تر پێچەوانەی ماڵی بارزانی بڕیارم دا دێم لای‌ مەسعوود بارزانی‌ دادەنیشم و وازدەهێنم

:: PM:05:22:03/10/2026 ‌
ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سكرتێری پێشووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و سەرۆك كۆماری عێراقە، "وشە" بە پشت بەستن بە كتێبی‌ بارزانی‌ و بزووتنەوەی‌ رزگاریخوازی‌ كورد، كە تیایدا سەرۆك بارزانی‌ رووداوەكانی‌ ساڵی‌ 2003 تا 2016 دەخاتە ڕوو، ئاماژە بە چەندان پرسی‌ گرنگ دەكات، لەوانە تێكچوونی‌ باری‌ تەندروستی‌ و نەخۆشكەوتنی‌ مام جەلال.

سەرۆك بارزانی‌ دەڵێ‌، بەر لە نەخۆشبوون و تێكچوونی‌ باری‌ تەندروستی‌، ماوەیەك بوو مام جەلال لە كوردستان بوو، بەر لە گەڕانەوەی‌ بۆ بەغدا لە رۆژی‌ 19ی‌ تشرینی‌ دووەمی‌ 2012 سەردانی‌ كردین و هاتە سەری‌ بڵند، كۆبوونەوەیەكی‌ گرنگ و چارەنووسساز بەرێوە چوو.

 "لە بەشێكی‌ تری‌ كۆبوونەوەكەدا باسی‌ هاوپەیمانییەتی‌ نێوان پارتی‌ و یەكێتی‌ كرا، مام جەلال بەبەرچاوی‌ ئەندامانی‌ سەركردایەتی‌ پارتی‌ و یەكێتییەوە گوتی‌، من بڕیاری‌ خۆم داوە مومكین نییە جارێكی‌ تر هاوپەیمانییەتی‌ خۆم لەگەڵ پارتی‌ و بارزانی‌ بەهیچ شتێك بگۆڕمەوە، ئەگەر پێچەوانەی‌ ئەوە رەفتار و هەڵسوكەوتتان كرد، من دێم لای‌ مەسعوود بارزانی‌ دادەنیشم و وازهێنان و دەستلەكاركێشانەوەی‌ خۆم دەنووسم، هەر لەوێ‌ فەخری‌ كەریم و بەرهەم ساڵح و فازڵ میرانی‌ راسپێردران كە نامە بۆ هاوپەیمانی‌ نیشتمانی‌ بنووسن، رۆژی‌ سێی‌ كانوونی‌ یەكەمی‌ 2012 مام جەلال گەڕایەوە بەغدا، بەرهەم و فازڵ لەگەڵی‌ رۆیشتن بۆ ئەوەی‌ لە بەغدا بە یەك هەڵوێست قسە لەگەڵ لایەنەكانی‌ شیعە و مالیكی‌ بكرێت و سنوورێك بۆ پێشێلكردنی‌ دەستوور دابنرێ‌، رۆژی‌ 12ی‌ كانوونی‌ دووەمی‌ 2012 مام جەلال بە تەلەفۆن پێوەندی‌ پێوە كردم و رای‌ گەیاند، هادی‌ عامری‌ و خزر خزاعی‌ سەردانیان كردووم و ئامادەیی مالیكیان نیشانداوە لە پێناو لێكتێگەیشتن و یەكەم هەنگاویش راگرتنی‌ هێرشی‌ راگەیاندن بێت و لیژنەی‌ هاوبەش پێكبێت، گوایە خامنەیی هەواڵی‌ بۆ مالیكی‌ ناردووە كە نابێت مام جەلال عاجز و دڵگران بێت" سەرۆك وای‌ نووسیوە.

هەروەها نووسیویەتی‌" شەوی‌ 17 لەسەر 18ی‌ كانوونی‌ یەكەمی‌ 2012 مالیكی‌ سەردانی‌ مام جەلالی‌ كرد، دوای‌ رۆیشتنی‌ مالیكی‌، مام جەلال تووشی‌ جەڵتەی‌ مێشك بوو، بەداخەوە بارودۆخ و تەندروستی‌ جێی‌ مەترسیی بوو، سەرلەبەیانی‌ رۆژی‌ 18ی‌ كانوونی‌ یەكەم، نێچیرڤان بارزانی‌ بە تەلەفۆن پێوەندی‌ پێوە كردم و رای‌ گەیاند، بارودۆخی‌ تەندروستی‌ مام جەلال بە تەواوی‌ تێكچووە و جێی‌ مەترسییە، منیش پێم راگەیاند كە پێوەندی‌ بە هەموو لایەنەكانەوە بكات، هەرچی‌ پێویست بوو جێبەجێی‌ بكەن، بە نێچیرڤان بارزانیم گوت پرسیار لە پزیشكەكانی‌ بكە ئەگەر دۆخەكە هاوكار بێت بەپەلە بگوازرێتەوە بۆ ئەڵمانیا یان هەندێك پزیشكی‌ ئەڵمانی‌ بێنە بەغدا".

" لە 19ی‌ كانوونی‌ یەكەم، پزیشكانی‌ ئەڵمانیا گەیشتنە بەغدا، لە ئەڵمانیا دڵشاد بارزانی‌ هەوڵێكی‌ زۆری‌ دا بۆ گرتنەبەری‌ رێوشوێنی‌ پێویست بۆ ناردنی‌ دكتۆرەكان بۆ بەغدا، ئەوەی‌ راستیی بێت نێچیرڤان بارزانی‌ بۆ ئاسانكاری‌ و هاتنی‌ پزیشكەكان زۆر ماندوو بوو، نێچیرڤانم راسپارد تا شەو و ڕۆژ بە دواداچوونی‌ پێویست بۆ چاسەری‌ مام جەلال بكات، رۆژی‌ 20ی‌ كانوونی‌ یەكەمی‌ 2012 مام جەلال گواسترایەوە بۆ بەرلین، دوای‌ پشكنینەكان دكتۆرەكان هیوایەكی‌ زۆریان بۆ مانەوەی‌ نەمابوو، هیچ هەواڵێكی‌ دڵخۆشكەریان پێ نەداین، گەشبینیش نەبوون، مومكین نییە وەكو پێشووی‌ لێ‌ بێتەوە یان لەهۆش دەچێت یان توانای‌ قسەكردنی‌ نامێنێت" لەناوەڕۆی‌ ئەو بابەتە وا نووسیوە.

سەرۆك دەڵێ‌، لە رۆژی‌ یەكەمەوە هەوڵم دا قسە لەگەڵ سەركردایەتی‌ یەكێتی‌ بكەم، یەكەم كەس كە دەستم كەوت قسەی‌ لەگەڵ بكەم مەلا بەختیار بوو، پێم راگەیاند دەزانم ئەمڕۆ چ بارودۆخێك بەسەر یەكێتیدا هاتووە، ئامادەم بۆ هەر كارو هاوكارییەك كە باری‌ سەرشانتان سووك بكات، بەمەبەستی‌ سەردانی‌ مەكتەبی‌ سیاسیی یەكێتی‌ رۆژی‌ 25ی‌ كانوونی‌ یەكەمی‌ 2012 سەردانی‌ سلێمانیم كرد، نێچیرڤان بارزانی‌ و مەسروور بارزانی‌ و فازڵ میرانی‌ و چەند ئەندامێكی‌ مەكتەبی‌ سیاسیم لەگەڵ خۆم برد، لەبارەگای‌ مەكتەبی‌ سیاسیی كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ یەكێتی‌ سازدا، كۆسرەت رەسووڵ و بەرهەم ساڵح و مەلا بەختیار و زۆرینەی‌ ئەندامانیان لەوێ‌ بوون، بەڵام نەبوونی‌ مام جەلال زۆر بە یەكێتییەوە دیار بوو، لە كۆبوونەوەكەدا پێم گوتن ئێمە هاوبەشی‌ خەم و پەژارەتانین ئامادەین بۆ هەموو جۆرە هاوكاری‌ و یارەمەتییەك، هیوادارین مام جەلال بە تەندروستییەكی‌ باشەوە بگەڕێتەوە ناو هەموومان، بەڵام پێویستیشە خۆمان بۆ پێشوازی‌ جەنازەكەی‌ ئامادە بكەین، چونكە مردن لە هەمووشتێك نزیكترە لە مرۆڤ".

هەر لە درێژەی‌ ئەو باسەدا هاتووە، دیار بوو هێرخان و ماڵی‌ مام جەلال زۆر زۆر لە بەرهەم دڵگران و عاجز بوون، چونكە وەك بڵاوكرایەوە كاتێك مام جەلال لە نەخۆشخانە بووە لە بەغدا، بەرهەم خۆی‌ ئامادە كردووە گوایە لە جێی‌ مام جەلال دەبێت، ئەمە كاریگەییەكی‌ زۆری‌ كردبووە سەریان، دوای‌ گەڕانەوەی‌ هێرۆخان لە بەرلین، بۆ ئاگەداربوون لە رەوشی‌ تەندروستی‌ مام جەلال، جارێكی‌ تر رۆژی‌ 11ی‌ كانوونی‌ دووەمی‌ 2013 سەردانی‌ سلێمانیم كرد، / بەلای‌ منەوە زۆر سەیر بوو هێرۆخان و هەردوو كوڕەكەی‌ مام جەلالیان لە نەخۆشخانە بە تەمای‌ ئەو كەسانەیان جێهێشتبوو كە كاتی‌ خۆی‌ خزمەتی‌ ماڵی‌ مام جەلالیان دەكرد/، سەرەتا لەگەڵ هێرۆخان و هەردوو كوڕەكەی‌ باڤێڵ و قوباد كۆبوومەوە دواتر لەگەڵ هەردوو مەكتەبی‌ سیاسیی، خۆم قسەم لەگەڵ دلشادی‌ برام كرد لە ئەڵمانیا رامسپارد بۆ ئەوەی‌ هەرچی‌ پێویست بێت بۆ مام جەلال جێبەجێ‌ بكات، وابزانێت من لە ئەڵمانیام.

سەرۆك بارزانی‌ دەڵێ‌، جارێكیان بۆ هەواڵپرسین و بەسەركردنەوە و ئاگەداربوون لە رەوشی‌ تەندروستی‌ مام جەلال سەردانی‌ سلێمانیم كرد، دیاربوو دەیناسینەوە، بەڵام نە جووڵەی‌ هەبوو و نەقسەیشی‌ پێی‌ دەكرا، بەڕاستی‌ زۆر بۆی‌ دڵگران و عاجز بووم. 

هەروەها دەڵێ‌، لە كۆتایدا وەك هەر مرۆڤێك كە كۆتاییەكەی‌ مردنە، رۆژی‌ سێی‌ تشرینی‌ یەكەمی‌ 2017 مام جەلال چووە بەر دلۆڤانی‌ خوای‌ گەورە و رۆژی‌ شەشی‌ تشرینی‌ یەكەم جەنازەكەی‌ گەڕێنرایەوە سلێمانی‌، ئەوەی‌ لە دەستمان هات و لە توانامان بوون بۆ رێوڕەسمەكەی‌ كردمان و منیش سەردانی‌ سلێمانیم كرد.



وشە - وشه‌