زەیدی دووپات لە سەر داماڵینی چەك و رادەستكردنی بۆ حەشدی شەعبی دەكاتەوە

:: PM:06:30:03/10/2026 ‌

شەوی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی لە بەغدا بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ساز كرد، بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگەدار لەو كۆبوونەوە زەیدی باسی ئەنجامی سەردانەكەی دوایی بۆ ئەمەریكا و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە كردووە و دووپاتی لەسەر داماڵینی چەك لە وادەی نوێ كردووەتەوە.

بەپێی سەرچاوەكە، زەیدی لە كۆبوونەوەكەی شەوی رابردووی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، دووپاتی لە پێویستیی یەكلاكردنەوەی هەموو دۆسیەكان، لەوانە تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكەی و دۆسیەی داماڵینی چەك كردووەتەوە.

روونی كردەوە، زەیدی دووپاتی لە پێویستیی پاڵپشتیكردنی كاری لیژنە چواركەسییەكە تایبەت بە دانوستان لەگەڵ میلیشیاكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی كۆتایی و رادەستكردنی چەكەكانیان بۆ دەستەی حەشدی شەعبی لە ماوەی دیاریكراو كردەوە، باسی گرنگترین تەوەرەكانی لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریكا لە میانی سەردانەكەی دوایی بۆ نیویۆرك كرد، كە ئەگەر جێبەجێ نەكرێن، لێكەوت و كاریگەریی ئابووری و سیاسی و تەناهی لەسەر عێراق دەبێت.

ئەو سەرچاوە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەو هێزە سیاسییە شیعانەی پۆستیان هەیە و تا ئێستە وەریان نەگرتووە، لیستی ناوی كاندیدی خۆیان دایە زەیدی و چاوەڕوانی پێكهاتەكانی تر دەكرێت ناوی كاندیدانی خۆیان پێشكەش بكەن، بۆ یەكلاكردنەوەی كابینەی حكوومەتی عێراق كە تا ئێستە نۆ وەزارەتی بەتاڵن، بۆ ئەوەی بە یەك پاكێج لە پەرلەمان تێپەڕ بكرێن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل