هەڵوەرینی موو و زیادبوونی كێش دوو كێشەی جیاوازن، بەڵام بە دوو نیشانەی دیاری شێوانی رژێنی دەرەقی دادەنرێن، چونكە رژێنەكە رۆڵی گرنگی لە رێكخستنی میتابۆلیسم و بەكارهێنانی وزە لە لەش هەیە، بۆیە دەكرێ شێوان لەو كردارە، كار لە كێش و موو و ئاستی چالاكی و دۆخی گشتیی لەش بكات.
شارەزایان ئاماژە دەكەن كە دروستبوونی ئەو دوو حاڵەتە راستەوخۆ مانای بوونی كێشە لە رژێنی دەرەقی نادات، هۆكاری تر هەن كە دروستیان دەكەن، لەوانە گۆڕانی سیستمی خۆراك و كەمجووڵانەوە و شەكەتی و كەمیی هەندێك مادەی خۆراكی لە لەش و گۆڕانكاریی هۆرمۆنی و هەندێك جۆر دەرمان و نەخۆشی.
تەمبەڵی رژێنی دەرەقی لەو حاڵەتانەیە زیادبوونی كێش و هەڵوەرینی موو دروست دەكات، واتە ئەوكاتە رژێنەكە بڕی پێویستی هۆرمۆنەكە بەرهەم ناهێنێت، ئەوكاتەشی ئاستی هۆرمۆنەكە كەم بووەوە، هەندێك فەرمانەكانی لەش سست دەبن و ئەو كەسە هەست بە ماندووبوون و خامۆشی دەكات.
هەست بە زیادبوونی كێشی لەش و زەحمەتیی دابەزینی دەكرێت، وشكهەڵگەڕانی پێست و هەستكردن بە سەرمابوون و قەبزی و لاوازیی تەركیز و گۆڕانكاری لە میزاجی لەگەڵ دەبێت، لە پاڵ هەڵوەرینی موو، بە گشتی چەند هۆكارێك بۆ هەڵوەرینی موو و زیادبوونی كێش هەن، بۆیە ناكرێ بە دەركەوتنیان راستەوخۆ هۆكارەكەی بۆ شێوانی دەردانی رژێنی دەرەقی بگەڕێندرێتەوە، یان بكرێتە دوو نیشانەی دەستنیشانكردنی حاڵەتەكە.