تەقینەوەیەک لە کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز ڕووی دا

:: PM:08:02:03/10/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو سێی تشرینی یەکەمی 2026، تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران ڕای گەیاند کە تەقینەوەیەک لە کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز ڕووی داوە، هاوکات ئەمەریکا دووپاتی دەکاتەوە کە ئاسمانی ئێرانی کۆنترۆڵ کردووە و هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووەکە پارێزراوە.

تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو تەقینەوەیەک لە کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز ڕووی داوە، کە لە کاتی چوونە ناو گەرووەکەوە سیستەمی بەدواداچوونی خۆی کوژاندبووەوە.

پێشتر ئاژانسی مێهری ئێرانی بڵاوی کردبووەوە، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە دوورگەی قشم لە دیوی دەریاوە بیستراوە، پێشبینیشی کردووە تەقینەوەکان بەهۆی تەقەکردن بووبێت بەرەو ڕووی ئەو کەشتییانەی لە گەرووی هورمز بە "سەرپێچیکار" وەسف کراون.

ئەو پێشهاتانە هاوکاتە لەگەڵ لێدوانێکی پیت هێگسێت وەزیری بەرگریی ئەمەریکا کە تێیدا دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی ئاسمانی ئێرانی کۆنترۆڵ کردووە و جووڵەی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە دەپارێزێت و زیاتر گوتیشی، " تێپەڕبوونی نەوت بەناو گەرووەکەدا، ئاستی پێش ململانێکان تێپەڕ دەکات".

لای خۆیەوە، سکۆت بێسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی ئاسانکاریی کردووە بۆ تێپەڕبوونی 1.1 ملیار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.



وشە - پۆڵا مەحموود