لە ماوەی رابردوو لە دوای داخرانی گەرووی هورمز، عێراق هەناردنی زۆرینەی نەوتەكەی وەستا و داهاتی فرۆشتنی نەوت زۆر كەمی كرد و كاریگەری لەسەر خەرجكردنی مووچە دروست كرد، عێراق سنووری لەگەڵ چەند وڵاتێك هەیە و دەتوانێت لە رێگەی ئەوانەوەی نەوت هەناردە بكات، بەڵام تا ئێستە نەیتوانیوە وەك پێویست سوودیان لێ ببینێت.
بەپێی
راپۆرتێك، عێراق سێ بژارەی هەیە بۆ هەناردنی لە بری گەرووی هورمز، بۆری نەوتی جەیهان بەرەو توركیا و بانیاس و تەرابلوس بەرەو سووریا و لبنان عەقەبە بەرەو ئوردن، كەچی نەیتوانی سوود لە هیچیان وەك پێویست ببینێت، كێشەكە ئەوەیە ئەو شوێنگرەوانە ئامادە نین و بەربەستی سیاسی و ئابووری و تەناهیان لە پێشە.
هیڵی كەركووك- جەیهانی توركیا كە ئامادەیە، پێویستی بە زیادكردنی هەناردنی رۆژانەیە بۆ ملیۆنێك بەرمیلی رۆژانە، بەڵام پێویستی بە چارەسەركردنی كێشە سیاسی و یاساییەكانە لەگەڵ توركیا، هەرچی هێڵی حەدیسە- بانیاس- تەرابلوسە، پێویستی بە چاككردنەوەیە، جیا لەوەی بەربەستی سیاسی و تەناهیشی هەیە، توانای ئەو بەندەرانەش سنووردارن.
هەرچی بۆری بەسرە حەدیسە- عەقەبەیە، پێویستی بە وەبەرهێنان بە بڕی دەیان ملیار دۆلارە، جیا لە بوونی بەربەستی سیاسیی ناوخۆیی، ئەوەش وای كرد كە بەرپرسێكی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژە بكات كە هیچ چارەسەرێكی خێرا بۆ تەنگژەی وەستانی هەناردنی نەوتی عێراق نییە و هەموو بژارەكان، رەنگە وەك چارەسەری كاتی لە تەنگژەی داهاتوو سوودیان هەبێت، بەڵام بۆ ئێستە كاریگەریی ئەتۆیان نییە و پێویستیان بە ساڵانێك كاركردن و وەبەرهێنان بە چەندان ملیار دۆلار هەیە.