دوور لەوەی لەسەر زەوی دەگوزەرێت و هاوكات لەگەڵ كشانەوەی هێزی سەربازیی هاوپەیمانان، بەرپرسانی حكوومەتی عێراق وا دۆخەكە وێنا دەكەن عێراق گەیشتووەتە ئەو ئاواتەی ساڵانێكە هەوڵی بۆ دەدات، ئەگەرچی شارەزایان گومانیان لەوە هەیە، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی كردەوە كە عێراق بووەتە دەوڵەتێكی بڕیار بەدەست و توانای پاراستنی ئاسمان و خاكی خۆی هەیە.
ئەمڕۆ شەموو بە بۆنەی رۆژی نیشتمانی عێراق
، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی كرد كە عێراق یەكەم دەوڵەتی عەرەبییە چووە پاڵ عوسبەی ئومەم، بەشداری لە دامەزراندنی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد، بەڵام ناسەقامگیریی سیاسی زۆر هەلی گەشەسەندنی لەدەست دا، بووە هۆی دووبارەبوونەوەی گەڕانەوەی بۆ سەرەتا سفرییەكان.
روونی كردەوە، عێراقییەكان لە دوای 2003 ئەزموونی دەوڵەتی دیموكراسیان پیادە كرد، دەستورێكی هەمیشەییان دانا كە ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵاتی تیادا جێگیر كرا، حكوومەتی عێراق توانی بەرپرسیارەتی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی عێراق و ئارامی و سەروەری و بڕیاری نیشتمانی لە كاریگەرییەكانی ململانێی ناوچەكە بپارێزێت، عێراق خاوەن سیاسەتێكی دەرەوەی هاوسەنگە رەچاوی بەرژەوەندی باڵای نیشتمان دەكات و پێوەندییەكان لەسەر بنەمای بەرەژەوەندی و رێزگرتنی یەكتر بنیات دەنێت.
زەیدی بەڵێنی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی و بەهێزكردنی چاودێری دا و دووپاتی كردەوە كە حكوومەتەكەی كار بۆ جۆراوجۆركردنی ئابووری و بەهێزكردنی كەرتی تایبەت و دامەزراندنی شارە ئابوورییەكان و جێبەجێكردنی پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدان دەدات بۆ كردنی بە پردێك لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا.