ئەمڕۆ شەموو سێی تشرینی یەکەمی 2026، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە یەمەن ڕای گەیاند، بە چەند مووشەکێکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێرشیان کردووەتە سەر کۆمپانیای ئارامکۆ لە شاری ڕیاز لە سعوودیە، لە کاتێکدا هاوپەیمانیی عەرەبی تێکشکاندنی چەندین هێرشی ئەو گرووپەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕاگەیاندووە.
یەحیا سەریع گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان، لە ڕاگەیەنراوێکدا گوتی، ئۆپراسیۆنەکە بەسەرکەوتوویی ئامانجەکەی پێکا و پێکانەکان ورد و ڕاستەوخۆ بوون، ئەوەیش بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لەو شوێنانەی کرابوونە ئامانج.
ئاماژەی بەوەیش کرد، ئۆپراسیۆنەکە لە وەڵامی هێرشەکانی سعوودیە بوو بۆ سەر پایتەخت سەنعا و پارێزگاکانی تر، کە لە 24 سەعاتی ڕابردوودا گەیشتووەتە 60 هێرشی ئاسمانی و مووشەک، بەمەیش کۆی گشتیی هێرشەکانی سعوودیە لە سەرەتای پەرەسەندنەکانەوە گەیشتووەتە 1410 هێرش و مووشەک.
پێشتر تورکی مالیکی گوتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانان (هاوپەیمانیی پاڵپشتیی شەرعیەت لە یەمەن)، ڕۆژی هەینی ڕای گەیاندبوو کە سێ مووشەکی بالیستییان تێک شکاندووە کە حووسییەکان ئاراستەی پارێزگای خەمیس موشەیتیان لە سعوودیە کردبوو.
ئەوەیش دوای ڕۆژێک دێت لە ڕاگەیاندنی سعوودیە بۆ تێکشکاندنی دوو مووشەکی بالیستی لە شارەکانی خەمیس موشەیت و جازان، لەگەڵ چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە شاری خەمیس موشەیت.