ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی ڕانیە کەوتەوە و زیانی ماددیی زۆری بە دووکانی کاسبکاران گەیاند، تیمەکانی بەرگریی شارستانیش توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغیی هاووڵاتییانەوە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی هەیە و چەند کەسێکیش بەهۆی دووکەڵەوە تەنگەنەفەس بوون.
بەڕێوەبەری پۆلیسی ڕاپەڕین لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن گوتی، بەپێی بەدواداچوونە سەرەتاییەکان، ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەبا بووە، هەروەها ئاگرەکە ئێستە کۆنترۆڵ کراوە، زیانی ماددی هەیە، بەڵام سوپاس بۆ خوا زیانی گیانی نییە.
ئاماژەی بەوەیش کرد، هەندێک لە هاووڵاتییان بەتایبەت خاوەن دووکانەکان، بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە
.
لە لایەکی ترەوە، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ڕاپەڕین گوتی، سوپاس بۆ خوا ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە و داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بازاڕەکە جێبهێڵن بۆ ئەوەی تیمەکانمان بتوانن کارەکانیان بکەن، هێشتا هۆکاری ئاگرەکەیش دیار نییە.
بەرگریی شارستانی راپەرین ئاشكرای كرد، چەند دووکانێک سووتاون و تیمەکانیان ناتوانن ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە بێننە شوێنی ڕووداوەکە و ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی لێیە، بەهۆی ئەو قەرەباڵغییەوە ناتوانین بەپێی پێویست کاری خۆمان بکەین.