ئیسرائیل ئامادەکارییەکانی بۆ لێدانی گرووپە چەکدارەکانی ناو عێراق تەواو کردووە

:: PM:11:34:03/10/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو سێی تشرینی یەکەمی 2026، ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە کە بە ڕەزامەندی و گڵۆپی سەوزی ئەمەریکا، تەلئەبیب ئامادەکارییە سەربازییەکانی بۆ هێرشکردنە سەر گرووپە چەکدارەکانی ناو خاکی عێراق تەواو کردووە، بە مەبەستی بڕینی ئەو ڕێڕەوەی کە بۆ گواستنەوەی چەک و پارە لە ئێرانەوە بۆ لوبنان بەکار دەهێنرێت.

ڕۆژنامەی (جەی فید)ی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، تەلئەبیب ئامادەکارییە سەربازییەکانی بۆ هێرشكردنە سەر گرووپە چەکدارەکانی ناو خاکی عێراق تەواو کردووە.

ئاماژەی بەوەیش کردووە، ئەمەریکا گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل هەڵکردووە و ڕێگەی پێ داوە ئەو کۆت و بەندانە لابدات کە پێشتر لەسەر ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی هەبوون.

ڕۆژنامەکە زیاتر ڕوونی کردووەتەوە، ئیسرائیل دەیەوێت ئەو ڕێڕەوە بگرێت کە دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە نێوان تاران و لوبنان کراوەتەوە و گرووپە چەکدارەکان بۆ گواستنەوەی پارە و چەک بەکاری دەهێنن.

هەروەها باس لەوە کراوە کە هێزە پاشەکشەپێکراوەکانی ئەمەریکا لە ئێستەدا لە ئوردن جێگیر بوون و عێراقیش لەلایەن ئوردنەوە پەیامێکی هەڕەشەئامێزی پێ گەیشتووە کە هەر هێرشێک لە عێراقەوە بکرێتە سەر خاکەکەی، وەڵامی ڕاستەوخۆی دەبێت.

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەیدا ڕۆژنامەی جەی فید دەڵێ، ئیسرائیل لە ڕێگەی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا و ئەو هێزانەی لە ئوردن جێگیر کراون، کار دەکات بۆ دیاریکردنی ئامانجەکان و پەکخستنی جووڵەی گرووپە چەکدارەکان لەو ڕێڕەوە زەمینییەی کە ئێران بە سووریا و لوبنان دەبەستێتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە پێشتر ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەمەریکا ئامادەکاری بۆ قۆناغێکی نوێی ململانێ لەگەڵ ئێران دەکات کە بڕیارە دوای هەڵبژاردنی نوێکردنەوەی نیوەی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەمی 2026 دەست پێ بکات.

کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە کۆتایی مانگی ڕابردوو، گۆڕانکاریی گەورەی لە هاوکێشە تەناهییەکاندا دروست کردووە و وای کردووە ئیسرائیل ڕاستەوخۆتر بێتە ناو ململانێکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا.


وشە - پۆڵا مەحموود