نرخی تمەن لە بازاڕەكاندا دووبارە تووشی شكان بوو، ئەو دابەزینە لە نرخ وایكردووە لە بازاڕ زۆر پێویست نەبێت و كەس ئامادە نییە تمەن بكڕێت.
ئەمڕۆ یەكشەم چواری تشرینی یەكەم، عەبدولڕەحمان حاجی كەمال خاوەن نووسینگەی دراوگۆڕینەوە، بە "وشە"ـی راگەیاند، نرخی دۆلار بەرانبەر بە تمەن لە بازاڕی ئازاددا بەردەوامە لە شكان.
زیاتر گوتی، لە دوێنێوە بەرزترین نرخی دابەزین 270,000 تمەن و نزمترین نرخیش 263,900 تمەن بووە، بەراورد بە هەفتە و شەش مانگی رابردووش بە رێژەی 14.17% نرخەكەی لە دەست داوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، حاڵەتێك لە بازاڕی هەرێمی كوردستان دروست بووە، كەس ئامادە نییە تمەن بكڕێت ئەگەر بۆ گەشتی ئێران نەبێت، چونكە بە چەند بیكڕین لە فرۆشتنەوە هەر زیان دەكەین.
بە گوتەی ئەو خاوەن نووسینگەی دراوگۆڕینەوەیە، هۆكارە ناوخۆییەكان، گۆڕانكارییە سیاسی و تەناهییەكانی ناوچەكە، چەقبەستنی دانوستاندنەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا، كاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر شكانی تمەن هەبووە.