لە ساڵوەگەڕی سەروەریی وڵاتەكەیان.. خەڵكی بۆتسوانا فیل دەخۆن

:: AM:10:32:04/10/2026 ‌
حكوومەتی بۆتسوانا كە وڵاتێكی كیشوەری ئەفریقایە، رەزامەندیی دا بەبۆنەی ساڵوەگەڕی سەروەریی وڵاتەكەیان، رێگە بدرێت 23 فیل راو بكرێن، گۆشتەكەشی بدرێتە هاووڵاتییانی ناوچە گوندنیشنەكان كە پێویستیانە.

پێگەی "شەفەق نیوز" رۆشنایی خستووەتە سەر میدیاكانی ئەو وڵاتە كە هەواڵەكەیان بڵاو كردووەتەوە، حكوومەتی بۆتسوانا رەزامەندیی داوە لە رۆژی سەروەریی وڵاتەكەیان، رێگە بدرێت 23 فیل راو بكرێن، راوكردنیشیان بەپێی ناوچە جیاوازەكانی وڵاتەكە دەبێت كە هەر ناوچەیەك چەند فیلێك راو بكەن، دواتر گۆشتەكەی دابەش بكرێتە سەر هاووڵاتییانی ناوچە گوندنیشنەكان كە پێویستیانە.

ئەو بڕیارەی حكوومەتی ئەو وڵاتە بێ رەخنەگرتن نەبووە، بەڵام دەسەڵاتداران داكۆكی لە بڕیارەكەیان دەكەن كە وڵاتەكەیان لە دنیادا زۆرترین فیلی تێدایە و دەگاتە زیاتر لە 130 هەزار فیل.

حكوومەتی بۆتسوانا ساڵانە رێژەیەكی دیاریكراوی بۆ راوكردنی فیلەكان دەستنیشان كردووە، ئەوەیش بووەتە هۆی رەخنەگرتن لێی، بەڵام حكوومەت داكۆكی لە بڕیارەكانی دەكات بەوەی پێیان وایە بڕیارەكە بۆ ئیدارەدانی ژمارەی فیلەكان دراوە، بۆ ئەوەیش سنووریان بۆ راوكردن داناوە و بەپێی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەكە و بەراورد بە ژمارەی گیاندارەكان، بڕیارەكان دەردەكەن. 




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د