ئەمڕۆ یەکشەم چواری تشرینی یەکەمی 2026، سوپای ئیسرائیل ڕای گەیاند کە لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر ناوچەی خان یوونس لە باشووری کەرتی غەزە، سەرکردەیەکی "یەکەی نخبە"ی بزووتنەوەی حەماسیان کوشتووە، هاوکات تەندروستیی غەزە ئامارێکی نوێی قوربانییانی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان کرد.
سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕای گەیاندووە کە لە بۆردمانێکیاندا سەقر نەبیل مووسا قەیسییان کوشتووە، کە یەکێک بووە لە چەکدارەکانی یەکەی نخبەی سەر بە بزووتنەوەی حەماس.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، قەیسی بەشداری لە هێرشەکەی حەوتی تشرینی یەکەمی 2023 کردووە، هەروەها وەک بەڕێوەبەری کۆمەڵەی "دەنیز فەنەری"ی تورکی کاری کردووە کە تایبەتە بە هاوکاریی مرۆیی.
بەپێی گوتەی سوپای ئیسرائیل، قەیسی پێگەکەی لە کۆمەڵەکەدا قۆستووەتەوە بۆ چەکدارکردنی کەسانێک بۆ ناو حەماس و پێشکەشکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆیان، هەروەها کۆمەڵەکەی تۆمەتبار کردووە بە کۆکردنەوەی پارە بۆ بزووتنەوەکە لەژێر پەردەی کاری مرۆییدا.