حكوومەتی عێراق بازاڕی دۆلاری شێواند

:: AM:08:43:07/10/2026 ‌
بانكی ناوەندی عێراق بە بڕیارێكی نوێ، نرخەكانی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی گۆڕی و نرخە نوێیەكان لە ئەمڕۆوە جێبەجێ دەكرێت.

بەپێی نووسراوێكی بانكی ناوەندی كە بۆ هەموو بانكە ڕێپێدراوەكان، كۆمپانیاكانی پارەدانە ئەلیكترۆنییە ڕێپێدراوەكان و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو هاتووەتە ناردن، نرخە نوێیەكان لە ئەمڕۆوە بەم شێوەیە دیاری دەكرێن:

نرخی كڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی، 1500 دینار بۆ هەر دۆلارێك.
نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانكەكان، 1510 دینار بۆ هەر دۆلارێك.
نرخی فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتییان، 1520 دینار بۆ هەر دۆلارێك.
بەو پێیەش نرخی ١٠٠ دۆلار دەبێتە 152 هەزار دینار.

بانكی ناوەندی ڕوونی كردووەتەوە كە دامەزراوە داراییەكان دەبێت نرخە نوێیەكان لە مامەڵەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن، سیستمە بانكی و داراییەكان و كەناڵەكانی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە پێوەندیدارەكان نوێ بكەنەوە.

هەروەها داوا كراوە هەموو لق و یەكە پێوەندیدارەكان ئاگادار بكرێنەوە و كاركردن بە نرخی پێشوو بوەستێنرێت، نرخە نوێیەكان لە دەستپێكی ڕۆژی كاری حەوتی تشرینی یەكەمی 2026ەوە جێبەجێ بكرێن.

بەهۆی ئەو بەرزكردنەوە چاوەڕوانكراوەی نرخی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە نرخی دۆلار لە بازاڕەكاندا هەڵكشاوە و ئەمڕۆش نرخی 100 دۆلار گەیشتە 163 هەزار دینار.



وشە - رامیار جەواد