مۆڵەتی درێژخایەن دەگۆڕێت و بە خزمەت حیساب دەكرێت

:: AM:09:49:07/10/2026 ‌
لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، سێ‌ پێشنیاز تاوتوێ دەكات بۆ هەمواركردنەوەی مۆڵەتی فەرمانبەران و مۆڵەتەكە پێوەندیدار دەبێت بە یاسای خانەنشینیش.

ئەمڕۆ چوارشەم حەوتی تشرینی یەكەم، ئەندامێكی لیژنەی یاسای لە پەرلەمانی عێراق كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە "وشە"ـی راگەیاند، لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە لە سێ پێشنیاز بۆ هەمواركردنەوەی یاسای مۆڵەتی فەرمانبەران.

ئەو پەرلەمانتارە زیاتر گوتی، پێشنیارەكان دەبێت لە بەرژەوەندیی فەرمانبەران بێت، یەكێك لە پێشنیارەكان ئەوەیە پێدانی مۆڵەتی پێنج ساڵ بە مووچەی بنەڕەتی یان شەش مانگ بە بێ مووچە لەخۆ دەگرن.

ئاماژەی بەوەش كرد، ماوەی مۆڵەتەكە بۆ خزمەت و خانەنشینی هەژمار دەكرێت، پاش دانەوەی بڕە پارەی خانەنشینی، لەگەڵ رێگەدان بە كاركردن لە كەرتی تایبەتدا، بەڵام بڕوانامەی خوێندن لە كاتی بەدەستهێنانی لە ماوەی مۆڵەتەكەدا بە فەرمی هەژمار ناكرێت.

باسی لەوەش كرد، ئەو پێشنیارە كۆدەنگی تەواوی لەسەرە، بۆیە بە ئەگەری زۆر ئەوە دەخرێتە بەرنامە و پەسند دەكرێت.


وشە - رامیار جەواد