بەیانی ئەمڕۆ چوارشەم بەهۆی شەڕی حووسییەكان و حكوومەتی یەمەن و گەردەلوولێك بۆ سەر ناوچە نەوتییەكانی ئەمەریكا، نرخی نەوت لە بازاڕی نێودەوڵەتی وزە بەرز بووەوە.
نرخی نەوت خاوی برنت 93 سەنت بەرز بووەوە و بەرمیلێكی گەیشتە 101 دۆلار و 51 سەنت، هەروەها نرخی نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تێكساس 82 سەنت بەرز بووەوە و بەرمیلێكی بە 90 دۆلار و 25 سەنت فرۆشرا.
شارەزایانی كەشناسی دەڵێن، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا گەردەلوولێكی بەهێز، ناوچەكانی كەنداوی مەكسیك دەگرێتەوە و پێشبینی دەكرێ دامەزراوەكانی نەوت و غازی ئەمەریكا كە لەو ناوچەیەن، بەهۆی ئەو ڕەشەبا و گەردەلوولەوە زیانیان پێ بگات. ئەمەیش لە كاتێكدا 15%ی بەرهەمی نەوتی ئەمەریكا لە ناو ئاوەكانی كەنداوی مەكسیك و 5%ی غازی سروشتیی ئەو وڵاتەیش لەو ناوچەیە دێتە بەرهەم.
لەلایەكی ترەوە، بەردەوامی شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزەكانی حكوومەتی یەمەن بە پشتیوانی سعوودیە و چەكدارانی حووسییەكان، مەترسی لەسەر گەیشتنی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ وڵاتانی ئەوروپا دروست كردووە، بەوهۆیەوە نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و چاوەڕوانی ئەوە دەكرێ لە ڕۆژانی داهاتوویشدا نرخی
نەوت بەردەوام بێ لە بەرزبوونەوە.