ئەو حەوت خووەی مێشكی مرۆڤ بەهێواشی لەناو دەبەن

:: AM:09:59:07/10/2026 ‌
پسپۆرێكی نەشتەرگەریی مێشك و كۆئەندامی دەمار، حەوت خووی ڕۆژانە ئاشكرا دەكات، وا دەردەكەوێ ئاسایین، بەڵام كاریگەریی نەرێنییان لەسەر تەندروستی مێشك هەیە و بە بێدەنگی و ئارامی مەترسی لەسەر مێشكی مرۆڤ دروست دەكەن.

راندی دامیكۆ بەڕێوەبەری پرۆگرامی نەشتەركاریی كۆئەندامی دەمار و چارەسەر كێشەكانی مێشك و دڕكەپەتك لە نەخۆشخانەی نۆرسویل لیۆكس هیلی ئەمەریكی گوتی، هەموو ئەوەی ڕۆژانە ئەنجامی دەدەین، بەشێوەیەك لە شێوەكان كاریگەریی لەسەر تەندروست مانەوەی مێشكمان لە داهاتوودا هەیە، بە شێوەیەكیش گشتیش حەوت خووی ڕۆژانە هەن كە تەندروستی مێشك تێكدەدەن و كاریگەریی نەرێنی زۆر دروست دەكەن كە بریتین لەمانەی خوارەوە.

یەكەم: دانیشتن بۆ ماوەیەكی درێژ، مێشكی مرۆڤ حەز بە تەمبەڵی و زۆر دانیشتنی بێ جووڵە ناكات، بۆیە بێ جووڵەیی كاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی مولوولەكانی خوێن دروست دەكات و ئەمەیش لە دەرئەنجامدا كاریگەریی نەرێنی لەسەر مێشكیش دەهێنێتە كایەوە.

دامیۆك دەڵێ، ناڵێم هەموومان پێویستە وەرزشكارێكی دیار بین و ڕۆژانە چەندان سەعات وەرزش بكەین، بەڵكو دەڵێم پێویستە جووڵە بكەن.

دووەم: بە گرنگ نەڕوانین لە خەو، كەمكردنەوەی سەعاتەكانی خەوتن و بە بێ بایەخ ڕوانین لە خەو، وا دەكات هەست بە تەمبەڵی زۆر بكەین لە بەیانیاندا. دامیكۆ دەڵێ، ئەگەر بە خراپ لە خەو بڕوانیت و كەم بخەویت، ئەوا زیان بە مێشكت دەگەیەنێت.

سێیەم: زۆر خواردنی ژەمە خێرا و لە قوتوونراو و ئامادەكراوەكان، خواردنە ئامادەكراو و لە قوتوونراوەكان كەمترین ڕێژەی سەوزە و میوە و پاقلەمەنی و گەنم و چەوری تەندروست و پرۆتینیان تێدایە، بۆیە كاریگەریی لەسەر كێشی جەستە دروست دەكات و ڕێژەی كۆلیسترۆل بەرز دەكاتەوە و تووشی بەرزبوونەوەی گوشاری خوێنمان دەكات، ئەو كێشە تەندروستییانەیش بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر مێشك هەیە.

 چوارەم: پەراوێزخستنی گوشاری خوێن و كۆلیسترۆل و شەكری خوێن، كاتێك ئەو گرفتانەت هەبێ و بە وردی مامەڵەیان لەگەڵ نەكەیت و خۆپارێزی و چارەسەری بەردەوام وەرنەگریت، ئەوا دەمارەكانی خوێن بۆ ناو مێشكمان دەبەن، تووشی گرفت دەبن و خۆراك و ئۆكسجینی پێویست ناگاتە مێشك، ئەمەیش زیانی گەورەی بۆ مێشك هەیە.

پێنجەم: خۆسەرقاڵكردن و بە بەتاڵی دانیشتن و بیركردنەوە زیانتان پێ دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە لە هەر شوێنێك بن، خۆتان بە شتێكەوە سەرقاڵ بكەن و ئەنجامی بدەن، باشترە ئەمە چالاكییەكی جەستەیی بێت، هەروەها دەكرێ ڕوانین لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بێت.

شەشەم: بچووككردنەوەی بازنەی پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، مرۆڤ بە شێوەیەكی گشتی بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتییە، بۆیە بەسەربردنی كات لەگەڵ خەڵكی و تێكەڵاوی كۆمەڵایەتی گرنگی و بایەخێكی زۆری بۆ مێشك هەیە، بە پێچەوانەوە گۆشەگیری و ناكۆمەڵایەتیبوون وا دەكات زوو تووشی زەهایمەر بین.

حەوتەم: پێویستبوون بە مادەیەك بۆ باشكردنی مەزاج، ئەگەر بۆ باشتركردنی بیركردنەوە و سەرنجدان پێویستیت بە كێشانی جگەرەیە یان خواردنەوەی وزەبەخشە، ئەوا پێویستە لەوە دڵنیا بیت، ئەوانە زیانبەخشن و وردە وردە مێشك لەناو دەبەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د