دەستپاكی عێراق گەندەڵییەكی گەورەی لە هاتوچۆی سەڵاحەدین ئاشكرا كرد

:: AM:10:41:07/10/2026 ‌

دەستەی دەستپاكی عێراق ئەمڕۆ چوارشەم لە ڕاگەیەنراوێكدا، دووپاتی لە كردنەوەی دۆسیەیەكی گەندەڵی گەورەی لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگەی سەڵاحەدین ئاشكرا كرد و وردەكارییەكەیشی ڕاگەیاند.

لە ڕاگەیەنراوەكەی دەستەی دەستپاكی عێراقدا هاتووە، تیمێكی نووسینگەی لێكۆڵینەوەی دەستەكە لە سەڵاحەدین، دوای ڕێوشوێن و پكشنین و وردبینی بۆی دەركەوت، بەرپرسی هۆبەی پێبژاردن لە كۆمەڵگەی تۆماری ئۆتۆمبێل و مۆڵەتی شوفێری لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سەڵاحەدین، دەسكاری پسوولەی پێبژاردنی كردووە، بەهۆیەوە ملیارێك و 853 ملیۆن و 200 هەزار دینار پارەی دزیوە.

بەرپرسی هۆبەكە پلەی "عەقید"ی هاتوچۆ بووە و دەسكاری 34 هەزار و 164 پسوولەی پێبژاردنی كردووە، ئەو پارە زیادەی خستوویەتییە سەر پسوولەكان، بۆ خۆی گێڕاویەتییەوە و دواتر پسوولەی تری بە پارە ڕاستەقینەكە بۆ حكوومەت دروست كردووە.

ئاماژە دراوە، تیمی لێكۆڵینەوە بە پشتبەستن بە فەرمانی دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی سەڵاحەدین تایبەت بە دۆسیەكانی گەندەڵی، وردبینییان لە پسوولەكان كردووە و بەگوێرەی مادەی 315ی یاسای سزاكانی عێراق، مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیەیە دەكرێت و بەرپرسی هۆبەی پێبژاردنیش ئێستە ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت.

هاوكات ئەفسەرێكی تر بەهەمانشێوە گیراوە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێ، بەهۆی دەسكاریكردنی پسوولەی پێبژاردن، بڕی 339 ملیۆن و  135 هەزار دیناری دزیوە و 22 هەزار پسوولەی پێ گیراوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەكە لەسەر ئەو دۆسیەیە، ئێستە لێكۆڵینەوە لەگەڵ سێ ئەفسەر بە پلەكانی "عەمید و دوانیشیان بە پلەی عەقید" دەكرێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د