شەیدا بازیار بە ڕۆمانی "كەلێنەكان" خەڵاتی كتێبی ئەڵمانیی بۆ ئەمساڵ پێ درا

:: AM:11:44:07/10/2026 ‌
شەیدا بازیار لە ڕێوڕەسمێكدا لە شاری فرانكفورت، بە ڕۆمانی كەلێنەكان (Die Lücken)  خەڵاتی ناوداری كتێبی ئەڵمانیی بۆ ساڵی 2026ی بردەوە.

شەیدا بازیار نووسەری كورد-ئەڵمانی كە بنەماڵەكەی خەڵكی ئاودانانی ئیلامن، ساڵی  1988 لە دایك بووە.

ئەم خەڵاتە گەورەیە بەهاكەی 25 هەزار یۆرۆیە، ساڵانە پێش دەستپێكردنی پێشانگەی كتێبی فرانكفورت، بە باشترین ڕۆمانی زمانی ئەڵمانی دەدرێت. لیژنەی داوەران لە نێوان 205 ڕۆمانی بەشداردا، ئەم بەرهەمەیان وەك باشترین هەڵبژارد.

ڕۆمانەكە 512 پەڕەیە و باسی شارۆچكە و گوندێكی خەیاڵی دەكات بە ناوی "هایمسباخ" لە ناوچەی هونسروك، نزیكەی 100 ساڵ لە مێژووی ئەڵمانیا دەگێڕێتەوە.

چیرۆكەكە لە سەردەمی دەسەڵاتی نازییەكان و چارەنووسی تراجیدیی جووەكانەوە دەست پێ دەكات، تا سەردەمی ئێستە و ژیانی ئەو كۆچبەرانە بەردەوام دەبێت كە دوای دەیان ساڵ لە هەمان كۆمەڵگەدا نیشتەجێ بوون.

یەكێك لە تایبەتمەندییە هونەرییەكانی كتێبەكە ئەوەیە كە بازیار كەسایەتی و ڕووداوە خەیاڵییەكان، لەگەڵ مێژوو تێكەڵ دەكات و یەكێك لە چیرۆكەكان، ژنێكی مردووە كە ڕابردووی گوندەكە لە دیدی ئەوەوە دەگێڕدرێتەوە.

ڕۆمانی كەلێنەكان، بۆ ئەو كەسانەیە كە لە نیشتمان ئاوارە دەبن و كۆمەڵكوژی دەكرێن.  ئیلەمێنتی ئەم ڕۆمانە هەم دۆكۆمێنتارییە و هەم ئەندێشەییە.



وشە - سۆران عەزیز