وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە ئەسینای پایتەختی یۆنان ئاشكرای كرد، بە هیچ شێوەیەك قبووڵی ئەوە ناكەین كە تاكە وڵاتێك كۆنترۆڵی تەواوەتی رێڕەوێكی دەریایی گرنگ بكات، وەك ئاماژەیەك بۆ ئێران و هەوڵەكانی بۆ سەپاندنی كۆنترۆڵی خۆی بەسەر گەرووی هورمزەوە.
ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی
ئەمەریكا، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ هاوتا یۆنانییەكەی لە ئەسینا گوتی، پێوێستە ڕێڕەو و ڕێگەی جۆراوجۆر بۆ گەیشتنی نەوت و غاز بۆ بازاڕی وزەی نێودەوڵەتی هەبن.
لەبارەی ئێرانیشەوە گوتی، ئابووری ئێران ئێستە لە هەرەسدایە و رووبەڕووی سزای زۆر بووەتەوە، لە كاتێكدا ڕژێم پارەی وڵاتەكە لە تیرۆر و چەك و حزبوڵا خەرج دەكات، دواجاریش ئێران بە هیچ شێوەیەك نابێ بەرنامەی ناوكی بۆ دروستكردنی چەكی هەبێ و خاوەن توانای سەربازی و جەنگی زۆر بەهێز بێت.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەم ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، گەیشتە ئەسینا بۆ بەشداربوون لە گفتوگۆی ستراتیجی نێوان واشنتن و ئەسینا، لەبارەی ئاسایشی ناوچەكە و ناتۆ و وزە و دۆخی ئەوروپا، لەمیانەی قسەی بۆ ڕۆژنامەوانان رۆبیۆ گوتی، یۆنان هاوپەیمانێكی زۆر گرنگی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە.