وەزیری دارایی عێراق واژووی لەسەر خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كرد و بەپێی زانیارییەكانی "وشە" سبەی لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوام پارەكە دەگاتە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان.
"وشە" زانیویەتی كە فالح ساری وەزیری دارایی عێراق واژووی لەسەر خەرجكردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كرد، بەڵام بەهۆی تەواوبوونی دەوامی فەرمانگەكانی وەزارەتی دارایی عێراق، سبەی تەمویلی مووچەكە دەخرێتە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی فیدراڵ.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی فەرمانبەرانی لە رۆژی دووشەم رەوانە كرد، ئەم مانگەیش هاوشێوەی مانگەكانی تر بەغدا 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ دەبڕێت.