شارەوانی: خۆتان دوور بگرن لە كڕین و فرۆشتنی ئەو زەویانەی فەرمانبەران كە هێشتا بەناو نەكراون

:: PM:06:19:07/10/2026 ‌
سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر سەرجەم فەرمانبەران و هاووڵاتییان ئاگەدار دەكاتەوە كە مامەڵەكردن بە زەوی فەرمانبەران لە قۆناغی كارتدا رێپێدراو نییە و كێشەی لێ‌ دەكەوێتەوە.

شارەوانی هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە دوای بڕیاری مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە 27ی ئاداری 2024 لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، و دواتر دەرچوونی ڕێنوێنی ژمارە دووی ساڵی 2024 لە 31ی ئایاری 2024 كە تایبەتە بە مەرج و ڕێكارەكانی دابەشكردن بە شێوەی قۆناغ و تیروپشك، ئێستە كاتی ئەوەیە چەند خاڵێك روون بكرێنەوە: 

١- بە هەموو شێوەیەك كڕین و فرۆشتن بە زەویی فەرمانبەران و زەوی كارتەكان ڕێگەپێدراو نییە و پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەكانە، تا ئەو كاتەی سەرجەم مامەڵە و ڕێكارە یاساییەكانی تۆماركردن و وەرگرتنی وێنەی تۆماری فەرمی و سەربەخۆ تەواو نەبێت، نابێت هیچ مامەڵەیەكی كڕین و فرۆشتنی لەسەر ئەنجام بدرێت. دوای تەواوبوونی ڕێكارەكان، زەویەكە دەبێتە موڵكی سەربەخۆی خۆی و ئەوكات مافی كڕین و فرۆشتنی هەیە.

٢- بەداخەوە تێبینی كراوە هەندێك لەو فەرمانبەرانەی زەویان بۆ دەرچووە یان ئەوانەی زەوییەكانیان هێشتا بە شێوەی كارتە و تۆمار نەكراوە، دەستیان كردوە بە كڕین و فرۆشتن. ئەم كارە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی كێشەی گەورەی كۆمەڵایەتی و یاسایی و ئاڵوگۆڕكردنی زەوییەكە لە نێوان چەندین دەست، لە كاتێكدا هێشتا هیچ تەرخانكردنێكی فەرمی لەلایەن شارەوانییەوە بۆ ئەو زەوییانە نەكراوە. بەپێی ڕێنماییەكان، ئەم مامەڵانە بێ بنەما و نایاسایین.

٣- داوا لە گشت فەرمانبەران و هاووڵاتییان دەكەین خۆیان بە دوور بگرن لەم جۆرە مامەڵانە. هەروەها داوا لە سەرجەم نووسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە دەكەین بە وریاییەوە مامەڵە بكەن، بە پێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیاری یاسایی دەبن.

جێی باسە لە كۆی 82 هەزار ناوی فەرمانبەر لە سنووری سەنتەری شاری هەولێر كە ڕەزامەندییان لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ گەڕاوەتەوە، تا ئێستە لە هەشت قۆناغدا  55 هەزار فەرمانبەر لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر سوودمەند بوون لە وەرگرتنی زەوی و كاركردن لەسەر قۆناغەكانی داهاتوو بەردەوامە.



وشە - وشه‌