بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بەبێ‌ ئاگەداری حكوومەتی كوردستانە.. كێ‌ كۆنتڕۆڵی بازاڕ دەكات؟

:: PM:07:31:07/10/2026 ‌
حكوومەتی عێراق و بانكی ناوەندی عێراق لە بڕیارێكی نوێدا نرخی فەرمیی دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی گۆڕی كە ئەمە یەكەم گۆڕانكاریی گەورەی نرخی فەرمیی دراو لە زیاتر لە سێ ساڵی ڕابردوودا.

بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كە بەیانی ئەمڕۆ بڵاو كرایەوە ئەمانە بوون، نرخی كڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی 1,500 دینارە و نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانكەكان 1,510 دینار دیاریكراوە و نرخی فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانك و دامەزراوە داراییە نابانكییەكانەوە بۆ سوودمەندی كۆتایی 1,520 دینارە.

بانكی ناوەندی دەڵێت ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ و بە مەبەستی پشتگیریكردنی جێگیری دارایی و ئابووری دراوە.

كاریگەری نەرێنی
لەگەڵ ئەو ڕوونكردنەوە فەرمییانەدا، گۆڕینی نرخەكە لە بازاڕدا دەتوانێت كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆ لەسەر بازرگانی و نرخەكانی كاڵا و خزمەتگوزارییەكان دابنێت، بە تایبەتی ئەو شتانەی كە پشت بە هاوردە و دۆلار دەبەستن. زانا حەمە ئەمین ئابووریناس دەڵێ‌، ئەگەر نرخی دۆلار بەو جۆرە بمێنێتەوە ئەوە كاریگەری نەرێنی زۆری دەبێت و توانای كڕین لەلایەك خێزانەكان كەم دەكاتەوە.

هەرێمی كوردستان ئاگەدار نییە
بڕیارەكەی حكوومەتی عێراق تاكلایەنە و بەبێ‌ راوێژە بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" خەڵكی كوردستان نیگەرانن لە بڕیارێكی لەوشێوەیە، ئەوەیش هەر زوو لەلایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازییەوە راگەیەنرا.

چونكە كاریگەری بڕیارێكی لەو جۆرە تەنیا لە چوارچێوەی عێراق نامێنێتەوە، بەڵكو بازاڕی هەرێمی كوردستانیش بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەو گۆڕانكارییە كاریگەر دەبێت.

لە هەرێمی كوردستاندا دۆلار ڕۆڵێكی گرنگی لە مامەڵە بازرگانییەكان، هاوردەكردنی كاڵا، بازاڕی دراو و ژیانی ڕۆژانەی خەڵكدا هەیە، بۆیە هەر گۆڕانكارییەكی گەورە لە نرخی فەرمیی دۆلار لە عێراق، بەبێ گوێدانە جیاوازییەكانی بازاڕی هەرێم، دەتوانێت كاریگەریی خۆی لەسەر نرخ و مامەڵەكانی هەرێمیش دابنێت.

لە بڕیارەكەی بانكی ناوەندیشدا باس لە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كراوە و هیچ ئاماژەیەك بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم نەكراوە كە بە بڕوای شارەزایان دەبوو عێراق رەچاوی دۆخی بازاڕی كوردستان و ناوچەكانی تریش بكات، چونكە بڕیارێكی دارایی لەم ئاستەدا دەتوانێت كاریگەری لەسەر كۆمپانیاكان، بازرگانان، بازاڕی دۆلار، هاوردەكەرەكان و لە كۆتاییدا توانای كڕینی هاووڵاتییانی هەرێم هەبێت.

كاریگەری لەسەر بژێوی خەڵك
گۆڕینی نرخی دۆلار، لە ڕووی ژمارەییەوە گۆڕانكارییەكی بچووك نییە، ئەم گۆڕانكارییە لە یەكەم هەنگاودا دەتوانێت لەسەر ئەو كاڵا و خزمەتگوزارییانە كاریگەری دابنێت كە بە دۆلار هاوردە دەكرێن.

عەبدولقادر ساڵح شارەزایی كارگێری دەڵێ‌، گۆڕینی ئەو نرخە نەك لەسەر بازاڕ بەڵكو راستەوخۆ كاریگەری لەسەر مووچەی فەرمانبەران هەیە و 20%ی مووچەی فەرمانبەران كەم دەكاتەوە. 

زانا حەمە ئەمین ئابووریناس دەڵێ‌، هەر سیاسەتێكی دارایی كاتێك كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆ لەسەر بازاڕ و خەرجیی خێزانەكان دادەنێت، پێویستە دۆخی بژێوی خەڵكیش لە ناو هەژمارەكانیدا بێت، پرسیارەكە تەنیا ئەوە نییە كە ئایا حكوومەت بۆچی نرخی دۆلاری گۆڕی؟، بەڵكو ئەوەشە كە لە دوای گۆڕینی نرخەكە، چ پلانێك هەیە بۆ پاراستنی توانای كڕینی هاووڵاتییان و كۆنترۆڵكردنی كاریگەرییەكانی لەسەر بازاڕ؟.




وشە - وشه‌