دوای ئەوەی لە ساڵانی نەوەتەكانەوە بەهۆی تاڵانی و كردەی تێكدەری و تیرۆریستی، مۆزەخانەی ئەنبار داخرابوو، پارێزگاری پارێزگاكە ئەمڕۆ رای گەیاند كە مۆزەخانەی ئەنباری شارستانی، دووبارە كرایەوە و سەتان پارچەی شوێنەواری و كەلەپووریی تێیدا پێشان دەدرێن.
پێگەی "
شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم حەوتی تشرینی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، عومەر مشعان دەبووس پارێزگاری ئەنبار بەبۆنەی كردنەوەی مۆزەخانەی ئەنباری شارستانی رای گەیاند، مۆزەخانەكە بەشێكی گرنگی یادەوەریی پارێزگاكە و پێناسەی شارستانیی ناوچەكەیە، بۆیە ئەمڕۆ لە دوای دەیان ساڵ لە داخستنی، بە كردنەوەی دووبارە پێناسەكەی نوێ دەبێتەوە كە زیاتر لە 500 پارچەی شوێنەواری و كەلەپووریی تێیدا پێشان دەدرێن.
دەبووس زیاتر گوتی، عێراق بەگشتی و ئەنبار بەتایبەتی لە ساڵانی رابردوودا، بە چەند قۆناغێكی پڕ مەترسی و كردەی تیرۆریستی و جەنگ تێپەڕیوە و دوور بووە لە سەقامگیری، ئەوەیش وایكردووە مۆزەخانەكە زیانی زۆری بەربكەوێت، بەڵام كە ئێستە ئەنبار سەقامگیریی بەخۆیەوە دەبینێت و ئاوەدانتر كراوەتەوە، بۆیە بە كردنەوەی مۆزەخانەكە، یادەوەریی شارستانییەكەی بۆ دەگەڕێتەوە.
پارێزگاری ئەنبار ئەوەشی گوت كە بە كردنەوەی مۆزەخانەكە، وەزارەتی رۆشنبیریی رۆڵی بینی بە گەڕاندنەوەی ئەو پارچە شوێنەوار و كەلەپوورییانەی كە پێشتر لە مۆزەخانەی نیشتمانی عێراق دانرابوون بۆ مۆزەخانەی ئەنبار، ئەویش خۆی لە 530 پارچە دەبینێتەوە و لە ئەمڕۆوە لە مۆزەخانەكەی ئەنبار پێشان دەدرێن.
ئەو پارچە شوێنەواری و كەلەپوورییانەی كە ئێستە لەناو مۆزەخانەكە نمایش كراون، مێژوویەكی زۆر كۆنیان هەیە كە بەشێكی زۆریان دەگەڕێنەوە بۆ پێش ئیسلام، بۆ ئێستە وەك میرات ماونەتەوە.