بانكی ناوەندی هۆكاری بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار روون دەكاتەوە

:: PM:09:05:07/10/2026 ‌

دوای ئەوەی ئەمڕۆ حكوومەتی عێراق كتوپڕ بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی دۆلاری ئەمەریكی بەرانبەر بە دیناری عێراقی دا، لیژنەی دارایی و پەرلەمان بێئاگایی خۆیان راگەیاند، بانكی ناوەندیش هۆكاری بڕیارەكە روون دەكاتەوە و ئاماژە دەكات كە مەبەستی كڕینی دۆلار لە بازاڕ بۆ هێنانی كاڵاكانە لە دەرەوەی مەرج و رێككارییە گومرگییەكان.   

حەیدەر غازی بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی بانكی ناوەندی عێراق لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، ئەو دۆخە نائاساییەی عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت، لە داخستنی گەرووی هورمز و كەمبوونەوەی هەناردنی نەوت، بووە هۆی كەمبوونەوەی داهات، پێشتر حكوومەت پشتی بە بڕینی حەواڵە لە بانكی ناوەندی دەبەست، كە وەك قەرز لەسەر حكوومەت كەڵەكە دەبوو، ئەوەش وای كرد بابەتەكە بە رژدی تاوتوێ بكات و بگەین بە دوایین قۆناغی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەك بۆ رزگاركردنی دەوڵەتی عێراق و پرۆسەی سیاسی، لە رێگەی پرۆسەیەكی جیاواز بۆ بەردەوامبوونی لایەنی دارایی و پێویستییە داراییەكانی بودجە.  

روونی كردەوە، بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بە پەلە درا، راستییەكەی وەك خواردنەوەی تاڵی بوو، چونكە دەزانین كە لایەنی نەرێنی دەبێت، بەڵام كاریگەرییەكەی كەمترە لەوەی دۆخەكە بەو شێوەی هەبوو بەردەوام بێت، ئاماژەی كرد، بۆشایی نێوان نرخی فەرمی و بازاڕی دۆلار بەهۆی بازرگانی شەرعی و ناشەرعییە، ئەوانەی دۆلار لە دەرەوەی بانكی ناوەندی دەكڕن، كاڵاكانی هاوردەی دەكەن ناچێتە گومرگ یان باجی لێ وەرناگیرێت و ناپشكنرێت، بەو هۆیەوە دۆلار لە دەرەوەی بانكی ناوەندی دەكڕدرێت، سەڕەڕای نرخی بەرزتری، بۆیە بەو دۆلارە كاڵا هاوردە دەكرێت كە ناچێتە چوارچێوەی بەرژەوەندیی نیشتمانی.

دووپاتی كردەوە، حكوومەت كار بۆ كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان و پشكنینی كاڵا هاتووەكان بۆ عێراق دەكات، هەرچی پەرلەمانە، بۆچوونی خۆی هەیە و مێوانداریی پارێزگاری بانكی ناوەندی و وەزیری دارایی دەكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل